ناس کورد-
ڕاوێژكارێكی میدیایی لە بارەگای بارزانی سێ گروپی چەكداری بەشدار لە حەشدی شەعبی بە ئەنجامدانی هێرشی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر تۆمەتبار دەكات، پەرلەمانتارێكی ئەم حیزبەش دەڵێت ناوی هێرشبەران دراوەتە حكومەتی عێراق بەڵام هیچ هەنگاوێك نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەیان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
كیفاح مەحمود ڕاوێژكاری میدیایی لە بارەگای بارزانی لە لێدوانێكدا بۆ ئەلمەدا كە "ناس كورد" بینیویەتی (8 تەموزی 2021) باس لەوە دەكات هێرشەكان لە دەشتی هەولێر و دەوروبەری مەخمورەوە رێكدەخرێن دژی فڕۆكەخانەی هەولێر، ئەوانەشی لە پشت هێرشەكانن بریتین لە: كەتیبەكانی سەیدولشوهەدا، كەتیبەكانی حیزبوڵڵا و بزوتنەوەی نوجەبا، ئەمەش بەپێی لێدوانی خۆیان.
هەر لەمبارەیەوە پەرلەمانتاری پارتی ناسر هەركی لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەران، باسی لەوەكردووە كە ناوی هێرشبەران و وردەكاری هێرشەكان ڕادەستی حكومەتی عێراق كراوە، بەڵام هیچ هەنگاوێك نییە بۆ بەرپەرچدانەوەیان و دەلێت "حكومەتی عێراق شوناسی هێرشبەران دەزانێت".
بەقسەی هەركی لیژنەكانی لێكۆڵینەوە بەر لەچەند مانگێك ناوی ئەو گروپانەیان داوەتە حكومەتی عێراق كە شاری هەولێر دەكەنە ئامانج و جێگای هاویشتنی موشەكەكانیشیان پێ وتراوە.
شەوی (سێشەممە 6ی تەموزی 2021) لەڕێگەی فرۆکەیەکی بێی فرۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە، فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرکرایە ئامانج و هێرشەکەش هیچ زیانی گیانی ومادیی بەدوای خۆیدا نەهێنا.