ناس کورد-
لاهور شێخ جەنگى هاوسەرۆکى یەکێتى "باڵانسى هێز و سەرکردایەتى روونى" وەک دوو مەرجى حزبەکەى بۆ یەکگرتنەوەى تەواوەتى هێزى پێشمەرگە راگەیاند.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لاهور شێخ جەنگى ئەمڕۆ چوارشەممە لەراگەیەنراوێکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە رایگەیاند "یەکێتیی هاندەری پرۆسەی یهكخستنی پێشمهرگهیە و ئامانجیەتی کە هەرێمەکەمان هێزێکی دامەزراو و نیزامیی مهشقپێكراوی تۆكمهی هەبێت بەو مەرجەی باڵانسی هێز تێدا پارێزراو بێت و سەرکردایەتییەکەی ڕوون بێت".
وتیشى ئەم دۆخە پێویستی بە تەبایی و یەکڕیزیی هەموو لایەنەکان هەیە بۆ ئەوەی مەترسییەکان لەسەر هەرێمەکەمان دووربخەینەوە".
لاهور شێخ جەنگى پێیوایە ئەگەر وریا نەبن "زیانی زۆر بەر ئەزموونەکەمان دەکەوێت، هەر بۆیە دەبێت زیاتر گرنگی بە هێزی پێشمەرگە بدەین و پڕچەک بکرێن و مەشق و ڕاهێنانی سەربازیی و پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێت و گوزەرانیان باش بکرێت".
پرۆسەى یەکگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە لەمانگى رابردوودا هەنگاوێکى دیکەى بڕى، کاتێک پارتى و یەکێتى دوو گەورەترین یەکەکانیان لەناو هێزەکانى 70 و 80 خستە چوارچێوەى وەزارەتى پێشمەرگەوە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە کەى تەواوى هێزەکانیان دەژخە ژێر رکێفى وەزارەتەکەوە.