گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەشت کەس براونەتە بەردەم دادگا

سکاڵاى سەر چالاکوانەکانى دەربەندیخان بەهۆى پۆست و کۆمێنتەوە ’’نەکێشنراوەتەوە’’

2021.07.07 - 18:11
App store icon Play store icon Play store icon
سکاڵاى سەر چالاکوانەکانى دەربەندیخان بەهۆى پۆست و کۆمێنتەوە ’’نەکێشنراوەتەوە’’

ناس کورد-

 

تا ئێستا هەشت کەس لەسەر سکاڵاى بەڕێوەبەرى تەندروستى دەربەندیخان بەهۆى نوسینى پۆست و کۆمێنتەوە لەفەیسبوک براونەتە بەردەم دادگا لەکۆى 40 کەس کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە و هێشتا سکاڵاکان نەکشێنراونەتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کۆتایی حوزەیرانى 2021، لەسەر کۆمێنت نوسین، بەڕێوەبەری تەندروستیی دەربەندیخان سکاڵای لەسەر 40 کەس تۆمارکرد و بەشێکیان روبەڕووى دادگا کرانەوە.

 

فەرمان عەبدورەحمان یەکێک لەو چالاکوانانەى دەستگیر کرا و دواتر بە کەفالەت ئازاد کرا (7ى تەموزى 2021) لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا وتى "پۆستێکم بڵاوکردەوە و داوام لە خەڵک کرد کە دژى گواستنەوەى پزیشکێکى ژنان و منداڵ بوون گردبوونەوە بکەن چونکە دەربەندیخان تەنها بەیەک پزیشک ناچێت بەڕێوە".

 

ڕونیشیکردەتەوە "بەڵام لەلایەن بەڕێوەبەرى تەندروستى دەربەندیخانەوە سکاڵاى یاساییم لەسەر تۆمار کرا، دواتر بانگهێشتى دادگاى دەربەندیخان کراین و بڕیارى ڕاگرتنمان بۆ دەرچوو".

 

فەرمان دواى ڕاگرتنى بۆ ماوەى 30 بۆ 35 کاتژمێر، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى گرتن و گواستنەوەى سلێمانى بە کەفالەتى 500 هەزار دینار ئازاد کرا.

 

ئەو چالاکوانە وتى بەڕێوەبەرى تەندروستى دەربەندیخان سکاڵاى یاسایى لەسەر 40 کەس تۆمار کردووە و تائێستاش 8 کەس لەسەر ئەو دۆسیانە چوونەتە بەردەم دادگا کە 2 کچ و 6 کوڕن و 6مان بە بڕیارى دادوەر ڕاگیران.

 

وتیشى، دەنگۆیەک هەیە لەسەر ئەوەى گوایە فشارێکى زۆر هەیە بۆ ئەوەى بەڕێوەبەرى تەندروستى دەربەندیخان سکاڵان بکشێنێتەوە، بەڵام تائێستا هیچ ڕوون نییە و سکاڵاکان نەکشێنراونەتەوە.

 

سەبارەت بە جۆرى سکاڵاکانە وتى، "ئەوەى من لەسەر پۆستێکى فەیسبووکە کە نە ناوم هێناوە نە سوکایەتیم بە کەس کردووە تەنانەت پاریزەرەکانیش دەڵێن، لە بنەڕەتدا بابەتى ئەوە نییە کە سکاڵاى لەسەر تۆمار بکرێت، ئەوانى تر لەسەر کۆمێنت بوون، کە هەندێکیان دڵنیان گەرم بووە لەو کاتەدا و لەوانەیە چەند شتێکیان نوسیبێت".

 

کێشەى نێوان چالاکوانەکان و تەندروستى دەربەندیخان دواى گردبوونەوەیەکى ناڕەزایی لە ڕۆژی 19ی ئایاری رابردوو سەریهەڵدا کاتێک كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و چالاكوانی مەدەنی چوونە بەردەم قائیمقامییەتی قەزای دەربەندیخان، بە مەبەستی خستنەرووی داخوازیییان بۆ پێشخستنی كەرتی تەندروستی لە شارەكەیان.   

 

گردبوونەوەکە شەپۆلێک کاردانەوەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە و رەخنە لە بەڕێوەبەرى تەندروستى شارەکە گیرا، بەو هۆیەشەوە بەڕێوەبەرى تەندروستى سکاڵاى لەسەر دەیان کەس تۆمارکرد.

 

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دەربەندیخان (پێنجشەممە 1ی تەموزی 2021) لەرونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند،  "دەیان کۆمێنتی نەشیاو بۆ بەڕێوەبەری تەندروستیی شارەکە نوسراوە و دەست براوە بۆ ژیانی تایبەتی و کەسێتی، هەربۆیە ئەو کەسانەی وایان کردووە بە دادگایان دەسپێرن".