گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’وەڵامى پێویست’’

یەکەم لێدوانى مەسرور بارزانى دواى گەڕانەوەى وەزیرە ناڕازییەکان

2021.07.07 - 17:13
App store icon Play store icon Play store icon
یەکەم لێدوانى مەسرور بارزانى دواى گەڕانەوەى وەزیرە ناڕازییەکان

ناس کورد-

 

مەسرور بارزانى رایگەیاند، وەزیرەکانى بەشداربووى کۆبوونەوەى پەرلەمان وەڵامی "پێویست و پڕ زانیاریان" بۆ هەموو پرسیار و تێبینی و سەرنجەکانی پەرلەمانتاران هەبووە و پێویستە پەیوەندى پەرلەمان و حکومەت لەسەر بنەماى رێزلێگرتن بێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەو وتانەى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە لەمیانەى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا بوو، دواى گەڕانەوەى وەزیرانى دارایی و دانوستان لەگەڵ بەغدا بۆ کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنەکە، کە بەهۆى ناڕازی بوونیان لەدانیشتنى پێشووى پەرلەمان بایکۆتى کۆبوونەوەکانیان کردبوو، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى فەرمى حکومەت.

 

مەسرور بارزانى لەکۆبوونەوەکەدا دەستخۆشی لە تیمی حکومەتی هەرێم کرد کە بەشداری دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بوون و سوپاسی کردن کە وەڵامی پێویست و پڕ زانیاریان بۆ هەموو پرسیار و تێبینی و سەرنجەکانی پەرلەمانتارانی کوردستان هەبوو. 

 

وتیشى "کابینەی نۆیەم،  هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە ، باشترین هەماهەنگیی لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان هەبووە و بەردەوامیش دەبین و وەزیرانی ئەم کابینەیەش، لە هەموو کابینەکانی دیکە،  زیاتر چوونەتە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان و لیژنە پەرلەمانیەکان و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانیان داوەتەوە".

 

سەرۆک وەزیران جەختیشی کردەوە کە پێویستە ، پەیوەندی نێوان حکومەت و پەرلەمان، لە سەر بنەمای ڕێز لە یەکترگرتن و لە چوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و یاسا بەرکارەکان بێت، دوور لە هەر دەربڕین وهەڵوێستنواندنێکی نەگونجاو، کە خزمەتی برەودان بەم هەماهەنگیەی نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان وجێبەجێکردن نەکات.

 

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا ، ڤاڵا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، ڕەشنووسی نوێی هەمواری  یاسای وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو تایبەت بە هێنانەکایەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری تەئمین لە ناو وەزارەتی دارایی کە کاردەکات لە پێناوی چاودێریی و بەدواداچوونی چالاکیی کۆمپانیاکانی دڵنیایی لە هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، پڕۆژەياساکەی پەسەند کرد وبڕیاردرا ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بۆ تەشریعکردنی.

 

لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەدا ، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە، ڕاپۆرتێکی شیکاری سەبارەت بە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای (پەروەردە و فێرکاریی لە هەرێمی کوردستان) خستەڕوو، کە وا بڕیارە لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆی زیاتری لەسەر بکرێت پێش پەسەندکردنی. 

سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە پڕۆژەیاسای پەروەردە، پێویستە پرۆسەی پەروەردە و فێرکاريی بباتە قۆناغێکی نوێ و پەرە بە توانا و کارامەییە جەستەیی و هزرییەکانی منداڵان و قوتابیان بدات ، هەروەها پێویستە ناوەندەکانی خوێندن دووربن لە توندوتیژیی و ماف و ژیانی مامۆستایان پارێزراو بێت و گرنگی زیاتر بە ڕاهێنانی مامۆستایان بدرێت .

 

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ، بڕیاری دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئابووری سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی باج و رسومات لە لایەن سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیرانەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو و وەزیرەکان ڕاسپێردران کە  لەمبارەیەوە هاوکاری وهەماهەنگيی پێویست بکەن، بە ئاڕاستەی ڕێکخستنەوەی داهاتە گشتیە ناوخۆییەکان و خەرجکردنەوەی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاریی و  برەودان بە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و دوورکەوتنەوە لە پشتبەستن بە تاکە سەرچاوەی داهات کە نەوتە.