گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چارەنووسی جموجوڵی پەرلەمان بۆ كۆتاییهاتنی لێبڕینی مووچە ئاشكرا كرا

2021.07.06 - 23:29
App store icon Play store icon Play store icon
چارەنووسی جموجوڵی پەرلەمان بۆ كۆتاییهاتنی لێبڕینی مووچە ئاشكرا كرا

ناس کورد- 

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند پەرلەمان بەنیازە داواكاریی كۆتاییهێنان بە لێبڕینی مووچە بكاتە راسپاردە لە بری بڕیار و ئەوەش كۆتایی پێ ناهێنێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەركۆ گەڵاڵی لە فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان،  لە بڵاوكراوەیەكدا كە "ناس كورد" بینیویەتی (6 ی تەموزی 2021) دەڵێت "بە نوسینەوەی راسپاردە لێبڕینی مووچە کۆتایی نایەت". 

 

گەڵاڵی باسی لەوەشكردووە لەماوەی ڕابردوودا نزیكەی ٥٧ ئەندامی پەرلەمانی كوردستان یاداشتێكیان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد بۆ ئەوەی لە دانیشتنێكی پەرلەماندا بەبڕیارێكی تەشریعی بڕیاری نایاسایی لێبڕینی موچە هەڵوەشێنینەوە بەڵام بەداخەوە سەرۆكایەتی ئەوەیان نەكرد و بڕیاریاندا ڕاسپاردەیەك بدەنە حكومەت.

 

هەروەها دەڵێت "ئێستاش بڕیارە سبەی لیژنە پەیوەندیدارەكانی وەك وزە و سامانە سروشتیەکان و دارایی كە بەندە ئەندامی هەر دوو لیژنەیەكە، ڕاپۆرت بنوسن و بیكەنە ڕاسپاردەوە ئاڕاستەی حكومەتی بكەن، كە من بە هیچ جۆرێك لەگەڵ ئەوەدا نیم پێم سەیرە پەرلەمان دەسەڵاتی هەیە لێبڕینی مووچە هەڵوەشێنێتەوە بۆ نایكات؟ بۆ دەیەوێت ڕاسپاردە بداتە حكومەت".

 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی فەرمی پەرلەمانی كوردستان ( 29 ی حوزەیرانی 2021)، پاش كۆبوونەوە هەژدە كاتژمێرییەكەی پەرلەمان، لیژنه‌كانی دارایى و یاسایی و وزه‌ و سامانه‌ سروشتییه‌كان ڕاسپێردراون بۆ ئاماده‌كردنی پوخته‌ی داواكارییه‌كانی په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌دۆخى دارایى و لێبڕینی مووچه‌و کورتهێنان و یاسای چاکسازی، بەڵام سەرچاوەكانی ناس لە پەرلەمان ئاماژە بەوە دەكەن ئەم ڕاسپاردنە پێچەوانەی خواست و چاوەڕوانی ژمارەیەكی زۆری پەرلەمانتاران بووە كە دەركردنی بڕیارێكی تەشریعییە بۆ هەڵگرتنی لێبڕینی 21% موچەی فەرمانبەران.  

سەرچاوە سیاسییەكانی "ناس كورد" ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، سەرۆكایەتی پەرلەمان ڕاسپاردە و پێداگرییان لەلایەن سەرچاوەكانی بڕیاری ناو پارتی و یەكێتی و گۆڕانەوە پێگەیشتووە كە لەبارەی لێبڕینی موچە هیچ بڕیارێك نەخەنە دەنگدان و حكومەت نەخەنە ژێر هیچ پابەندییەكەوە لەبارەی موچە و لێبڕین، بە بیانووی ئەوەى ئێستا حکومەت ناتوانێت ئەو کارە بکات.  

  

بەر لە كۆتاییهاتنی دانیشتنەكەی پەرلەمان، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كورستان، هەڵكەوت لالە ئەنوەر لەمیانەی قسەكانیدا پەرلەمانتارانی دڵنیاكردەوە كە جارێكیتر موچە ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی جاران و لەبری ئەوە پێشنیاریكرد لێبڕین لە 21% بكرێت بە 10% و هی پلە تایبەكانیش لە 50% كەم بكرێتەوە بۆ 25%.