ناس کورد-
وتاربێژى مزگەوتى بەهەشت لە سلێمانى لەبارەى تێکدان و ڕوخاندنى بەشێک لە مزگەوتى بەهەشت لەلایەن شارەوانى سلێمانییەوە پەیامێکى ڤیدیۆیى بڵاوکردەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەبدولەتیف سەلەفى، وتاربێژى مزگەوتى بەهەشت لە سلێمانى (6ى تەموزى 2021) رایگەیاند، بەتێکدان و ڕوخاندنى شوێنى مردوو شۆردن و دەستنوێژگرتنى مزگەوتى بەهەشت لەلایەن شارەوانى سلێمانییەوە، فیلەکانى ئەبرەهەم هاتەوە پێش چاو کە چوون کەعبە تێک بدەن.
وتیشى "ئەگەر شوێنێکى مەشروب خۆر و بەرپرسێکى دزبوایە سوێند بەخوا ئەوەیان نەدەکرد، بەڵام لەگەڵ ماڵى خوا ئەو کارەیان کرد".
لەبەشێکى ترى پەیامە ڤیدیۆییەکەدا عەبدولەتیف سەلەفى دەڵێت "ئێمە حزبى سیاسى نیین و چەکدارمان نییە بەڵام خوامان هەیە و ئەوەش کە روویداوە لەگەڵ ماڵى خوا روویداوە و لەگەڵ ماڵى عەبدولەتیف رووینەداوە".
وتیشى "ئەگەر من وەکو شەخسى خۆم زیادەڕەوییەکم کردووە با بێن بەسەرمدا کاولى بکەن".
جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە ئاگاداریان نەکردونەتەوە لەوەى ئەو دوو شوێنە تێک دەدەن و لەکاتى تێکدان و ڕوخاندنەکەشدا زیانێکى زۆریان بە مزگەوتەکە گەیاندووە.
ئاماژەى بەوەش کرد کە سێ ساڵە لە مامەڵەکردندان لە شارەوانى بۆ مۆڵەتدان بۆ ئەو شوێنانە و هەوڵى دنیایان لەگەڵ داوون بەڵام بێ ئەنجام بووە.