گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’موچە و باج’’.. ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى باڵاى ئابورى هەرێم

2021.07.04 - 19:26
App store icon Play store icon Play store icon
’’موچە و باج’’.. ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى باڵاى ئابورى هەرێم

ناس کورد-

 

ئەنجوومەنی باڵای ئابووری هەرێم کۆبووەوە و جەختیکردەوە کە حکومەتى هەرێم باجى زیادنەکردووە، بڕیاریشدا دەسەڵاتەکانی تایبەت بە کەرتی وەبەرهێنان ومۆڵەتدان بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، بۆ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان شۆڕبکرێتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەنجومەنەکە ئەمڕۆ یەکشەممە لە راگەیەنراوێکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە رایگەیاند، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجومەنى باڵاى ئابورى کۆبووەتەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی دۆخی ئابووری و ڕێکخستنەوەی داهاتی گشتی و باشترکردنی بژێوی هاووڵاتیان تاووتوێ کرا.

 

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە کاری لەپێشینەی حکومەت، دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، بۆ ئەم مەبەستەش حکومەت، هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ لە پێناو برەودان بە داهاتە گشتییەکان و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان بۆ ئەوەی بتوانێت هاوکات لەگەڵ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران، بەردەوامیش بێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئەنجامدانی پڕۆژەکان و ڕەخساندنی هەلیکار بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان.

 

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ڕێکخستنەوەی باج و رسومات و میکانیزمی کۆکردنەوەی باجەکان تاووتوێ کرا و بڕیاردرا، جێگری سەرۆکی حکومەت، سەرپەرشتی پرۆسەی ڕێکخستنەوەی باج و رسومات بکات.

 

بەپێی راگەیەنراوەکە، لەکۆبوونەوەکەدا دووپاتکرایەوە کە کابینەی نۆیەم هیچ باجێکی زیاد نەکردووە، بەڵکو تەنیا شێوازی کۆکردنەوەی باجەکانی ڕێکخستووەتەوە و ئەو باجانەی پێشتر بە پێی یاسا دانراون، کۆیان دەکاتەوە بە بێ ئەوەی کاریگەرییەکی نەرێنی لە سەر بژێوی هاووڵاتیان و بەتایبەتی چینی هەژار ومام ناوەندی کۆمەڵگە و جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەبێت.

 

لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها جەخت لە دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و دیاریکردنی نرخ و ڕێگریکردن لە قۆرخکاری و بەرزبوونەوەی نرخ کرا و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێنماییانە بە ڕەچاوکردنی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و بەکاربەرانی هەرێمی کوردستان.

 

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بڕیاری دابەزاندنی دەسەڵاتەکانی تایبەت بە کەرتی وەبەرهێنان ومۆڵەتدان بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، بۆ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان درا.