ناس کورد-
بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى هیوا لەشارى سلێمانى رایگەیاند، ڕۆژانە 8 بۆ 10 توشبووى نوێى شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکەیان تۆمار دەکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د.یاد نەقشبەندى (4ى تەموزى 2021) بەمیدیاى فەرمى یەکێتى وتووە "تەنها لەماوەی 5 مانگی ئەمساڵدا هەزار و 517 نەخۆشمان هەبوە كە هەزار و 31ی توشبویان شێرپەنجە بوون".
وتیشى "رۆژانە 8 بۆ 10 توشبوی شێرپەنجە لەهیوا تۆمار دەكرێت كە 70% بۆ 80%ی خەڵكی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕینە، بەشەكەی تر لەپارێزگاكانی هەرێم و عیراقەوە دێن".
جەختیشى کردەوە "بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانەوە تا دێت ئامارەكانی توشبون بەشێرپەنجە زیاد دەكات".
بەگوێرەى ئامارەکانى ئەو نەخۆشخانەیەش، لەسەرەتای دامەزراندنی نەخۆشخانەكەوە تائێستا 66 هەزار نەخۆش لەو نەخۆشخانەیە تۆمار كراوە و لەو ژمارەیەش 30 هەزاریان توشبوی شێرپەنجە بوون، 36 هەزاریشیان نەخۆشیەكانی خوێنیان هەبووە، لەم ژمارەیەش 77%ی خەڵكی سنوری پارێزگای سلێمانی و 6% پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و 17%شیان خەڵكی ناوچەكانی تری عیراق بوون.
بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى هیوا لەبارەى تێچووى چارەسەرکردنى نەخۆشەکانیش وتى "چارەسەركردنی هەر توشبویەكی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا بەڕێژەی لەنێوان 100 هەزار دۆلار بۆ 200 هەزار دۆلاری تێ دەچێت، تەنها پشكنینێك دوو هەزار 500 دۆلاری تێ دەچێت، لەكاتێكدا لەوڵاتانی دەوروبەری عیراق پشكینینی نەخۆشخانەی شێرپەنجە بەبێ بەرامبەر ناكرێت.