گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

وەزارەتی کارەبا کێشەی سەرەکی کەمیی کارەبا لە هەرێم ئاشکرا دەکات

2021.07.02 - 13:23
App store icon Play store icon Play store icon
وەزارەتی کارەبا کێشەی سەرەکی کەمیی کارەبا لە هەرێم ئاشکرا دەکات

ناس کورد- 

وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕاپۆرتێکی لەبارەی دۆخی ئێستای بەرهەمهێنانی کارەبا و گرفتەکانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، نزیکەی هەزار مێگاوات کەمتر لە پێویستییەکان کارەبا بەرهەمدەهێنن، ئەوەش بەهۆی کەمی سوتەمەنییەوە، دەشڵێت، بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی کارەبا، " %65ی خەرجی کارەبا لەسەر حکومەتە و %35ی لەسەر شانی خەڵکە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی کارەبای هەرێم لەژێر ناونیشانی "دۆخی ئێستای بەرهەمهێنانی کارەبا و گرفتەکانی" (هەینی 2ی تەموزی 2021) ڕایگەیاند، " رۆژی 15ی حوزەیران، 5 یەکەی کۆمپانیای ماس بەهۆی چاککردنەوە لە کار کەوتوون، کە بەهۆیەوە 600 مێگاوات کارەبا لە توڕی نیشتمانی کەمبووەتەوە." 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەرێمی کوردستان لە وەرزی هاویندا پێویستی بە 4200 تا 4500 مێگاوات کارەبا هەیە، لەکاتێکدا، توانای بەرهەمهێنانی کارەبا 3300 مێگاواتە، چاوەڕوان دەکرێت بگاتە 3500 مێگاوات."

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "کێشەی پەستانی گاز لە وێستگەی خەبات چارەسەر کراوە و 350 تا 400 مێگاوات کارەبا بۆ ناو توری نیشتمانی گەرێندرایەوە و بەھۆیەوە بڕی بەرھەمھێنانی گشتی بەرز بووەتەوە."

 

وەزارەتی کارەبا دەڵێت، "کێشەی سەرەکی لە بەرهەمهێنانی کارەبا نەبوونی سوتەمەنییە، لە دهۆک توانای بەرهەمهێنانی 1000 مێگاوات کارەبامان هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی تەنیا 80 تا 100 مێگاوات بەرهەم دێنین، تەنیا %10 بەکار خراوە، بە بوونی سوتەمەنی دەتوانین 1000 مێگاوات لە دهۆک و 1000 مێگاواتی دیکەشی لە هەولێر و سلێمانی بەرهەم بێنین."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، " تێچوونی بەرهەمهێنانی کارەبا بە دیزل سێ بەرانبەری تێچوونی بە گازی سروشتییە و خەرجییەکی زۆر دەخاتە سەر شانی حکومەت، لە کاتێکدا دابینکردنی مووچە لە ئەولەوییاتی حکومەتە و خزمەتگوزارییەکانی دیکەشی هەن."

 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی کارەبا، " %65ی خەرجی کارەبا لەسەر حکومەتە و %35ی لەسەر شانی خەڵکە." 

 

سەبارەت بە پێدانی کارەبا بە عێراق، ئاماژە بەوەکراوە، " وەزارەتی کارەبا هیچ لەو بڕە کارەبایەی کە بۆ خۆی بەرهەم دێنێت، ناداتە هیچ شوێنێکی دیکە، 340 مێگاوات لەو وێستگەیانە کە بەهۆی نەبوونی سوتەمەنییەوە لەکار وەستاون، لەلایەن عێراقەوە بۆ پارێزگاکانی کەرکوک و موسڵ بەکار خراون."

 

دەشڵێت، " عێراق بۆ خۆی لە رێگەی کۆمپانیانیاکانەوە سوتەمەنی دیزل بۆیان دابین دەکات و هیچ پەیوەندییەک بەو کارەبایەوە نییە، کە دەدەرێتە هاووڵاتیانی کوردستان."

 

لەبارەی پێوەری زیرەکەوە ئەوەی خستووەتەڕوو، "پێوەری زیرەک یەکێ لە باشترین پرۆژەکانی وەزارەتی کارەبایە، تا ئێستا زیاتر 750,000 پێوەری زیرەک بەستراون و دەکاتە نیوەی هاوبەشانی کارەبا." 

 

ڕوونیشیکردووەتەوە، بەهۆی پێوەری زیرەکەوە:

 

- کۆنترۆڵی بەفیرۆچوونی کارەبا کراوە.

- سەرپێچی کارەبا چارەسەر کراوە.

- مانگانە پسوولە دەدرێتە هاووڵاتیان.

- بۆ خوێندنەوەی پێوەر پێویست ناکات بچینە ناو ماڵی هاووڵاتیان.

- هیچ تێچوونێکی لەسەر هاووڵاتییان نییە.

 

وەزارەتی کارەبا دەشڵێت، "لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا 18,100حاڵەتی سەرپێچی بڕاوە و کەمپینەکە لەسەر کارەکانی خۆی بەردەوامە." 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر پارێزگایەک رێژەیەکی دیاریکراو کارەبای پێ دەدرێت، بەمشێوەیە:

 

هەولێر 42%

سلێمانی  %28.3

دهۆک %24

گەرمیان  %4.7