گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێم: داوا دەکەین ڕێز لە بڕیاری دادگا بگرن

2021.07.01 - 17:35
App store icon Play store icon Play store icon
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێم: داوا دەکەین ڕێز لە بڕیاری دادگا بگرن

ناس کورد-

نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند، دادگاکان لە هەرێمی کوردستان سەربەخۆن و حوکمەتیش دەست لە پرۆسە یاساییەکان وەرنادات و داواش دەکات، ڕێز لە بڕیاری دادگا بگرن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا نوسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان (پێنجشەممە 1ی تەموزی 2021) ڕایگەیاند، "دۆسییەی دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی بادینان و بڕیاری سزادانیان دوای بڕینی گشت فلتەری دامەزراوە یاساییەکان، پەسندکرا".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بەهایانەی گرتووەتە باوەش کە پێویستن بۆ بەرجەستەکردنی وڵاتی دامەزراوەیی، کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی هاوچەرخ، و پشت دەبەستێت بە ستراتیژیی پتەو بۆ داڕشتنی یاسا و رێسا بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندیی ئازادییە تاکەکەسییەکان بێت".

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "دادگاکان سەربەخۆن و حوکمەتیش دەست لە پرۆسە یاساییەکان وەرنادات، داوا لە قەوارە بیانی و ناوخۆییەکان دەکەین رێز لە بڕیارەکانی دادگا بگرن، هاوکات، دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردن تەنیا بە بڕیاری دادگا جێبەجێ دەکرێن".

 

هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان میدیای ئازاد بە کۆڵەگەیەکی گرنگی حوکمڕانی و توخمێکی بنەڕەتیی دیموکراسی دەزانێت، ئێمە شانازی دەکەین کە کوردستان میدیای ئازاد و بێ بەندوباوی هەیە و نموونەی بەرجەستەکردنی بەهاکانی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی راگەیاندنە لە ناوچەکە و هەمیشە پێویستی هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخەکە".

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "حوکمەتی هەرێم داوای لە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق - یۆنامی و نووسینگەی تایبەتی کۆمیسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ کردووە تاوەکو هاوکاربن لە بەرەوپێشبردنی سیستەمی یاسایی، ئێستاش هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی بیانی هەیە بۆ راهێنان بە دادوەران".

 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی لەگەڵ کۆمیتەی خاچی سوور هەیە، بەگوێرەی رێککەوتنەکە لایەنی ناوبراو بۆی هەیە "بەبێ مۆڵەت سەردانی تەواوی زیندانی و سەنتەری چاکسازییەکان بکات لە هەرێمی کوردستان. یۆنامیش بەم دواییانە مۆڵەتی سەردانی پێدراوە. لەژێر رۆشنایی ئەم رێککەوتنە، یۆنامی 14 سەردانی ئەنجامداوە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ 60 زیندانی ئەنجامداوە".

 

نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، "وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بانگهێشتکراون بۆ بەرەوپێشبردنی چاکسازیی یاسایی و دادوەرییەکان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها دامودەزگاکان سەبارەت بە پرسی ئازادییەکان لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکای رۆژنامەنووسان لە گفتوگۆدان."

 

لە کۆتایی راگەیێندراوەکەشدا هاتووە "حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو پابەندە بە حوکمی یاسا و بە پرۆسەی یاسایی دادپەروەرانە و بێلایەن، و ئازادیی راگەیاندن کاری لەپێشینەیەتی. حکومەت لەگەڵ هاوتا نێودەوڵەتییەکان کاردەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کوردستان بە تەواوی پابەنده بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، بەتایبەتی لە بواری ئازادیی میدیادا".