گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

لەسەر نوسین و كۆمێنت زیاتر لە 70 هاووڵاتی لە دەربەندیخان ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە

2021.07.01 - 16:40
App store icon Play store icon Play store icon
لەسەر نوسین و كۆمێنت زیاتر لە 70 هاووڵاتی لە دەربەندیخان ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە

ناس کورد-

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی کردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند، لە سلێمانی زیاتر لە 70 هاووڵاتی لەسەر نوسین ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە و ئەوەش بەهۆی ڕەخنەگرتن لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دەربەندیخان، داواش دەکات فشار بۆسەر چالاکوانان و ڕەخنەگران و ڕۆژنامەنوسان هەڵگرن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەشێك لە ڕاگەیەنراوەکەی میترۆ: 

 سەنتەری میترۆ داوا لە بەرێوەبەرێتی تەندروستی دەربەندیخان دەكات ئەو داوا یاساییانە دژ بە رۆژنامەنوس و چالاكوان، رەخنەگرانی قەزای دەربەندیخان بكشێنێتەوە، چونكە كەرتی تەندروستی پڕە لە كەموكورتی و پێویستە لە ژێر چاودێریدا بێت.

 

رۆژی 19ی ئایاری رابردوو كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و چالاكوانی مەدەنی چوونە بەردەم قائیمقامییەتی قەزای دەربەندیخان (66 كم باشوری رۆژهەڵاتی سلێمانی)، بە مەبەستی خستنەرووی داخوازیییان بۆ پێشخستنی كەرتی تەندروستی لە شارەكەیان.

 

فەرمان عبدالرحمان حاجی چالاكوانی مەدەنی رێكخەری چالاكییەكە، لە 28ی حوزەیران پسولەی ئاگاداركردنەوەی پێگەیشتووە، داوای لێكراوە وەك "تۆمەتبار بە پێ مادەی 2ی مۆبایل لە هۆبەی لێكۆڵینەوە ئامادە بێت"

 

فەرمان بە میترۆی وت" ئێمە چووین بۆ دەڕبرینی نارەزایەتی لەسەر گواستنەوەی پزیشكی پسپۆری شارەكەمان بۆ سەیدساق، ئەمە داخوازییەكی رەوایە چونكە ئەو یەك پسپۆرمان لەم بوارە هەیە كە كەمە" جەختیكردەوە " دوای ئەوە لێشاوێك لە رەخنە لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان نوسراوە خەڵك مافی خۆیەتی بەبێ تەشهیركردن رەخنەو داخوازی خۆی بخاتە روو"

 

بەهۆی نوسین و كۆمێنتی ژمارەیەك لە چالاكوان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەرێوەبەری تەندروستی دەربەندیخان سكاڵای یاسایی دژ بە خاوەنی ئەو نوسین و كۆمێنتانە تۆمار كرد.

 

‎لە بارەی تۆماركردنی سكاڵاكان، ( د.سازان ئیبراهیم ) بەڕێوەبەری تەندروستی دەربەندیخان، بە سپێدەی راگەیاندوە، كە سكاڵای لەسەر ( 28 ) كەس تۆمار كردوە لەبەرئەوەی لەتۆڕەكۆمەڵایەتییەكان جوێن و تۆهمەو قسەیان پێوتووم" ئەو پێی وایە ئەگەر هەركەموكورتیەكی ئیداری و تەندروستی لە ئارادا بن رێوشوێنی "ئیداری و یاسایی دادگایی بكرێم" نەك بە "كۆمێنت و پۆست كردن"

 

بەڵام سەرچاوەیەكی تایبەت  بە میترۆی وت " ژمارەی داوا یاساییەكان لەم كەیسە لە هەڵكشاندایە ئەمرۆ 70 داوای یاسایی تێپەراند"

 

داوا یاساییەكان بە پێی ماددەی 2 لە ( یاسای ژمارە 6 ی ساڵی 2008)، یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی كردن لە هەرێمی كوردستان – عیراق، تۆمار كراوە. كە سزای بەندكردنی لە 6 مانگ بۆ 5 ساڵ و غەرامەی ملیۆنێك بۆ پێنج ملیۆن دیناری تێدایە.