گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

کەشناسیی هەرێم دەربارەی گەیشتنی پلەکانی گەرمی بە 60 پلە ڕوونکردنەوە دەدات

2021.06.30 - 16:20
App store icon Play store icon Play store icon
کەشناسیی هەرێم دەربارەی گەیشتنی پلەکانی گەرمی بە 60 پلە ڕوونکردنەوە دەدات

ناس کورد-

بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرمانگەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە تائێستا لە هیج شارێکی عێراق پلەی گەرمی گەیشتبێتە 60 پلە و دەڵێت، تائێستا بەرزترین پلەی گەرمی کە تۆمارکرابێت 57 پلە بووە لە بیابانێکی وڵاتی لیبیا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ماوەی دوو ڕۆژە باس لەوە دەکرێت کە لە بەغدا و هەندێک ناوچەی عێراق پلەکانی گەرمی گەیشتووەتە 60 پلەی سیلیزی.

 

ئەژی چەتۆ، بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرمانگەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان (چوارشەممە 30ی حوزەیرانی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "گەیشتنی پلەکانی گەرمی بە 60 پلە لە ناوچەکانی خوارووی عیراق هەڵەیە و دوورە لە ڕاستییەوە بەهیچ شێوەیەک پلەی گەرمیی بەشێوەی زانستیی ناگاتە ئەوەندە."

 

باسی لەوەشکرد، "تاوەکو ئێستا بەرزترین پلەی گەرمی کە تۆمارکرابێت 57 پلە بووە لە بیابانێکی وڵاتی لیبیا و لەوە بەرزتر تۆمارنەکراوە."

 

"تائێستا لە هەرێمی کوردستان لەمساڵدا بەرزترین پلەی گەرمی گەیشتووەتە دەوروبەری 46 پلە و لە شارەکانی خوارووی عێراقیش گەیشتووەتە نزیکی 50 پلە."، ئەژی چەتۆ وادەڵێت.

 

وتیشی، "پێوانی پلەکانی گەرمی بە گەرمیپێوی مۆبایل یاخود ئۆتۆمبێل هەڵەیە و ئەو پلانەی لەوڕ ڕێگەیەوە تۆماردەکرێت هەڵەن و زانستی نیین."

 

ئەژی چەتۆ ڕوونیشیکردەوە، "دیاریکردنی پلەی گەرمی لە دەزگا کەشناسییەکان شێوازی تایبەتی خۆی هەیە و بە ئامێری تایبەت دیاری دەکرێت و نزمترین پلە لە کاتژمێر 3:00ی بەرەبەیان تۆماردەکرێت و بەرزترینیش لە کاتژمێر 3:00ی پاشنیوەڕۆ."

 

دەربارەی پێشبینییەکان بۆ مانگی تەموزی ئەمساڵ، ئەژی چەتۆ ئاماژەی بەوەکرد، پێشبینییەکان بۆ کەشوهەوا تا دەوروبەری پێنج ڕۆژ زیاتر ناتوانرێت بکرێت و ئەوەشی لەوە زیاتر پێشبینیی بکات زانستیی نییە، چونکە کارتێکەرەکانی کەشوهەوا بەخێرایی دەگۆڕێن و بەتایبەت لەئێستاشدا دۆخی کەشوهەوا لە هەموو جیهان تێکچووە و ئاڵۆز بووە.