گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەیامێک لە پارتییەوە بۆ پەکەکە

2021.06.30 - 13:11
App store icon Play store icon Play store icon
پەیامێک لە پارتییەوە بۆ پەکەکە

 ناس کورد-

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی ئاڕاستەی پەکەکە کرد و ڕایگەیاندم پەكەكە و چەكدارەكانیانن پێویستە رێزی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان بگرن، دەشڵێت، ئەوان دژی پێشمەرگە و هێزە ئەمنی و دامەزراوە شەرعییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان شەڕ دەکەن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەو دەزگایەی پارتی لە ڕاگەیەنراوێکدا (چوارشەممە 30ی حوزەیرانی 2021) ڕایگەیاندووە، " لەگەڵ ئەوەی پەکەکە هیچ مافێكی لەو شوێنانەی خاکی هەرێمی کوردستان نییە مافی پەنابەریی نەبێت، كەچی وەك داگیركار هەڵسوكەوت لەگەڵ خاك و خەڵكەكەیان دەكات."

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، " پەكەكە و هەموو دنیاش دەزانن، بوونی پەكەكەیە بووەتە پەردەیەکی ناشرین بۆ داگیركارییەكی ناڕەوا، مەعلوومیشە، تاكە رێگەچارە بۆ لادانی ئەو پەردەیە لەسەر ئەو ناڕەوایەتییە، نەمانی پەكەكەیە لەو شوێنانە و كۆتایهێنانە بە گێچەڵ و شەڕفرۆشتنەكانی بە خەڵكی كوردستان."

 

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان:

 

سایتی (رۆژنیوز)ی پەكەكە چەند لێدوانێكی مستەفا قەرەسوو، بەناوی ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەریی پەكەكەی بڵاوكردووەتەوە. قسەكانی ناوبراو، هاوشێوەی قسەكانی هەفتەیەك لەمەوبەری كاڵكانی هاوڕێی، پڕاوپڕن لە چەواشەكاریی و هەڵگێڕانەوەی راستییەكان و هەوڵی فریودانی رای گشتی و لەخشتەبردنی گەلی كورد و كوردستانیان داوه‌.

 

قەرەسوو، دیسان وەك عادەتی هەمیشەیی سەرانی پەكەكە، دەیەوێت هەڵاتنی پەكەكە بۆ نێو خاكی هەرێمی كوردستان و شەڕفرۆشتنەكانیان بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەكان و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و یاساشكێنیەكانیان، بە ناكۆكیی ناوخۆیی و شەڕی خۆیان و پارتی دیموكراتی كوردستان ناوبێنێت!.. ئەمەش چەواشەكاریی و هەڵگێڕانەوەی هەڵكەوتەكانە، دەرككردنی مەرامەكانی سەرانی پەكەكەش لەم چەواشەكارییە، زیرەكییەكی ئەوتۆی ناوێت. وەك چۆن مەرامی قەرەسوو لە چەندبارەكردنەوەی ناوهێنانی گەلی كورد و كوردستان كە ساڵانێكی زۆرە لەبیریان كردبوو و ئەسڵەن بە تانە و تۆمەتیان ناودەبردن، لای هەمووان روون ئاشكرایە.

 

قەرەسوو، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ دەكات، گوایە (گەریلا دەزانن لە پێناوی چیدا شەڕ دەكەن)! ئەمە یەكێكە لە دیارترین چەواشەكارییەكانی سەرانی پەكەكە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، چونكە سەرانی پەكەكە ساڵانێكی زۆرە، گەنجانی كورد بەناوی مافی كورد و كوردستانەوە لەخشتەدەبەن، كەچی لە پێناو مەرامگەلێكی ئایدیۆلۆجی عەنتیكەدا شەڕیان پێدەكەن و بەكوشتیان دەدەن. ئەوان، سەدان جاران، بگرە رۆژانە بەڕووی دنیای دەرەوەدا دووپاتی دەكەنەوە، تەنیا هەوڵ بۆ دیموكراتیزەكردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدەن و باوەڕیان بە مافی نەتەوەیی و خاكێك نییە بەناوی كوردستانەوە، كەچی کاتێک کە دەكەونە بەردەم چەكدار و كەسوكارەكانیان، ئەوجا بەزمانی كوردی ئیدیعای نەتەوەییبوون و خەباتی نەتەوەیی دەكەن.

 

لە قسەكانیدا، قەرەسوو، زۆر باسی داگیركاریی دەكات، لەوێدا ناوبراو هەوڵ دەدات سێ حەقیقەتی سەر ئەرز لەبیر خۆی و خەڵك بباتەوە. ئەوە هەرێمی كوردستانە بە ئاشكرا دژی هەر داگیركارییەكە و بۆچوونی فەرمی خۆی بە دەنگی بەرز و بێ چەندوچوون بە هەمووان راگەیاندووە، ئەمەش مافێكی رەوایە. دووەم، ئەوە پەكەكەیە لەو شوێنانەی بۆیان هەڵدێت، لەگەڵ ئەوەی هیچ مافێكی لەو شوێنانە نییە مافی پەنابەریی نەبێت، كەچی وەك داگیركار هەڵسوكەوت لەگەڵ خاك و خەڵكەكەیان دەكات. سێیەمیش، سەرانی پەكەكە و هەموو دنیاش دەزانن، بوونی پەكەكەیە بووەتە پەردەیەکی ناشرین بۆ داگیركارییەكی ناڕەوا. مەعلوومیشە، تاكە رێگەچارە بۆ لادانی ئەو پەردەیە لەسەر ئەو ناڕەوایەتییە، نەمانی پەكەكەیە لەو شوێنانە و كۆتایهێنانە بە گێچەڵ و شەڕفرۆشتنەكانی بە خەڵكی كوردستان.

 

قەرەسوو، چەند جارێك باسی ویژدان و ئەخلاق دەكات، بێ ئەوەی بزانێت، یەكەمین بنەمای ویژدان و ئەخلاقی هەر گرووپێكی سیاسی یان كۆمەڵایەتی، ڕاستگۆییە. راستگۆیی لەگەڵ خەڵكی خۆی و خەڵكانی دیكەش. سەرانی پەكەكە كە دەیان ساڵە بەناوی كوردایەتی و خەباتی نەتەوەییەوە گەنجانی كورد لەپێناو ئامانجگەلێكی ئایدیۆلۆجی بەسەرچوو، كە دوور و نزیك پەیوەندیی بە نەتەوەی كورد و مافە نەتەوەییەكان و ئازادی و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستانەوە نییە، بە كوشت دەدەن، بە هیچ كلۆجێك مافی ئەوەیان نییە قسە لەبارەی ویژدان و ئەخلاقی سیاسی بكەن.

 

لە كۆتاییدا، قەرەسوو و سەرانی پەكەكە دەبێت لەو راستییە تێبگەن: حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جووڵەپێكردن و جێگۆڕكێی هێزەكانی پێشمەرگە و ئەمنییەكان، مۆڵەت لە هیچ كەس و لایەنێك وەرناگرێت، ئەوە سەرانی پەكەكە و چەكدارەكانیانن كە پێویستە رێزی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان بگرن. ئەوە ڕاستییە و وەك ڕۆژ ڕووناک دیارە كە شەڕی ئەوان دژی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیی و دامەزراوە شەرعییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بوونیان لە مەتین و گارە و بەرواری و باتیفا و شوێنەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییان بە (دیموكراتیزەكردنی) ئەم وڵات و ئەو وڵات و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و (برایەتی گەلان)ەوە نییە.

 

دەبێ سەرانی پەكەكە ئەوەش چاك بزانن، چەواشەكارییەكانیان لە پرسیاریی هەمیشەیی نێودڵی چەكدارەكانیان و كەسوكارەكانیان قوتاریان ناكات: ئێمەتان بۆچی هێنا و لەپێناوی چیدا ئێستا لە مەتین شەڕی پێشمەرگەمان پێدەكەن؟.

 

 

 

بەشی رۆژنامەوانیی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی

 

 پارتی دیموکراتی کوردستان

 

30ـی حوزەیرانی 2021