گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس کورد هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات

بۆچی دوای هەژدە كاتژمێر كۆبوونەوە پەرلەمان نەیتوانی لێبڕینی موچە نەهێڵێت؟

2021.06.29 - 20:40
App store icon Play store icon Play store icon
بۆچی دوای هەژدە كاتژمێر كۆبوونەوە پەرلەمان نەیتوانی لێبڕینی موچە نەهێڵێت؟

ناس کورد-

كۆبوونەوەی هەژدە كاتژمێریی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی دۆخی دارایی و لێبڕینی موچە و كورتهێنانی بودجە بەبێ دەركردنی بڕیار و ئەنجامێكی ڕوون بەرەبەیانی ئەمڕۆ كۆتاییهات و "ناس كورد" زانیویەتی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەمەبەست هیچ بڕیارێكیان لەبارەی موچەوە نەخستووەتە دەنگدانەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی فەرمی پەرلەمانی كوردستان ( 29 ی حوزەیرانی 2021)، پاش كۆبوونەوە هەژدە كاتژمێرییەكەی دوێنێ دووشەممە، لیژنه‌كانی دارایى و یاسایی و وزه‌ و سامانه‌ سروشتییه‌كان ڕاسپێردراون بۆ ئاماده‌كردنی پوخته‌ی داواكارییه‌كانی په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌دۆخى دارایى و لێبڕینی مووچه‌و کورتهێنان و یاسای چاکسازی، بەڵام سەرچاوەكانی ناس لە پەرلەمان ئاماژە بەوە دەكەن ئەم ڕاسپاردنە پێچەوانەی خواست و چاوەڕوانی ژمارەیەكی زۆری پەرلەمانتاران بووە كە دەركردنی بڕیارێكی تەشریعییە بۆ هەڵگرتنی لێبڕینی 21% موچەی فەرمانبەران.

 

سەبارەت بە هۆكاری نەخستنە دەنگدانی ئەو بڕیارەشەوە، "ناس كورد" پەیوەندی بەژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتتی و گۆڕان كرد كە سەرۆكایەتی پەرلەمان و وەزارەتی داراییان بەدەستە، بەڵام هیچ لەو هەوڵانە سەركەوتوو نەبوون لە گەیشتن بەهۆكاری كۆتاییهاتنی دانیشتنی پەرلەمان بەبێ دەركردنی بڕیار و بەبێ دەنگدان.

 

سەرچاوە سیاسییەكانی "ناس كورد" ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، سەرۆكایەتی پەرلەمان ڕاسپاردە و پێداگرییان لەلایەن سەرچاوەكانی بڕیاری ناو پارتی و یەكێتی و گۆڕانەوە پێگەیشتووە كە لەبارەی لێبڕینی موچە هیچ بڕیارێك نەخەنە دەنگدان و حكومەت نەخەنە ژێر هیچ پابەندییەكەوە لەبارەی موچە و لێبڕین، بە بیانووی ئەوەى ئێستا حکومەت ناتوانێت ئەو کارە بکات.

 

بەر لە كۆتاییهاتنی دانیشتنەكە و لەنیوە شەوی ڕابردوو، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كورستان، هەڵكەوت لالە ئەنوەر لەمیانەی قسەكانیدا پەرلەمانتارانی دڵنیاكردەوە كە جارێكیتر موچە ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی جاران و لەبری ئەوە پێشنیاریكرد لێبڕین لە 21% بكرێت بە 10% و هی پلە تایبەكانیش لە 50% كەم بكرێتەوە بۆ 25%.

بەدوای ئەوەشدا تیمی حكومەت و وەزارەتی دارایی هەندێ ئاماری بێهیواكەریان لەبارەی دۆخی دارایی هەرێم خستەڕوو لە چەشنی بەرزبوونەوەی قەرزەكان بۆ 31 ملیار و ڕۆشتنی 58% ی داهاتی نەوت بۆ كۆمپانیا بیانییەكان و كەڵەكەبوونی موچەخۆرێكی زۆر لەسەر حكومەتی هەرێم.


شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی پیشەسازى و وزە بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، بەهۆى گەندەڵیەوە شەوى ڕابردوو نەهێشتنى لێبڕینى موچەى فەرمانبەران نەخرایە دەنگدانەوە.


جەودەت باسی لەوەشكرد، "سەرۆکایەتى پەرلەمان وەک تیمى حکومەت کار دەکەن، بە هۆکارى گەندەڵىیش لابردنى لێبڕینى موچەیان نەخستە دەنگدانەوە".

 

هەروەها ئەوەشی وت، هەرچی هەوڵیانداوە هۆكاری نەخستنە دەنگدانی بڕیارەكە بەفەرمی بزانن، بەڵام هیچ وەڵامێكیان دەستنەكەوتووە لە سەرۆكایەتی پەرلەمان.

 

لەلای خۆشییەوە هەورامان گەچێنەیی لە فراكسیۆنی كۆمەڵ بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "ئەگەر حكومەت نیازی هەڵگرتنی لێبڕینی موچەی هەبووایە نەیدەهێنایە پەرلەمان و خۆی ئەو كارەی دەكرد و دەیكردە دەسكەوتنی خۆی".


دانیشتنی ژمارە 16 پەرلەمانی كوردستان پێی نایە ڕۆژی دووەم و كاتژمێر 4:30 دەمەو بەیانی ئەمڕۆ (29 حوزەیرانی 2021) كۆتاییهات، بەگوێرەی بەدواداچوونی "ناس كورد"یش بۆ گرتە و ڕیكۆردەكانی پاش دانیشتنەكە بۆڵەبۆڵ و بێهیوایی زۆری پەرلەمنتاران دەبینرێت لەبارەی كۆتاییهاتنی دانیشتنەكە بەبێ دەركردنی بڕیار.