گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕوونکردنەوەیەک لەبارەى ’’ڕاگرتنی خزمەتگوزارییەکانی’’ کۆڕەک تیلیکۆم

2021.06.28 - 17:59
App store icon Play store icon Play store icon
ڕوونکردنەوەیەک لەبارەى ’’ڕاگرتنی خزمەتگوزارییەکانی’’ کۆڕەک تیلیکۆم

ناس کورد-

کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بەکارهێنەرانی دڵنیا دەکاتەوە کە دەنگۆی ڕاگرتنی خزمەتگوزارییەکانی "دوورن لە ڕاستییەوە".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کۆمپانیاکە لە ڕوونکردنەوەیەکدا (28ی حوزەیرانی 2021) دەڵێت، "هەندێک هەواڵی ساختە لەسەر پێگەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە کە گوایە خزمەتگوزارییەکانی کوڕەك ڕادەگیرێن و بەشداربووانی لە هێلەکانیان بێبەش دەبن، کوڕەك تیلیکۆم بەشداربووە خۆشەویستەکانی دڵنیا دەکاتەوە کە سەرجەم ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستی."

 

دەشڵێت، "کوڕەك بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی، بەڵێنیش دەدات بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر و ئۆفەری بەهێزتر بە گونجاوترین نرخ بۆ بەشداربووانی. کورەك تیلیکۆم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانەی دراونەتە پاڵی، رێگەی دادگا دەگرێتە بەر."

 

هەفتەی ڕابردوو دەستەى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق ئاشکرای کرد، بەهۆى پابەندنەبوون بە ئەرکەکانى سەرشانى، دەستەکە ڕێوشوێنى بەرامبەر کۆمپانیاى کۆڕەک تیلیکۆم گرتووەتە بەر.

 

دەستەى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق (23ى حوزەیرانى 2021) لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەى بەوەداوە، سەرەڕاى ئاگادارکردنەوەى کۆمپانیاى کۆڕەک تیلیکۆم بۆ پابەندبوون بە ئەرکە یاسایى و هونەریى و داراییەکانى کە لەسەر کۆمپانیاکە کەڵەکە بوون، کۆمپانیاى ناوبراو ئەرکەکانى جێبەجێ نەکردووە.

 

جەخت لەوەش کراوەتەوە، لە ڕێگەى پابەندبوون بە کاتە دیاریکراوەکانەوە کە لە گرێبەستى ڕێگەپێداندا هاتووە و بەپێى مادەکانى یاساى بودجە کە کۆمپانیاکانى پابەند کردووە بە بەجێهێنانى ئەرکەکانیان کە تا ئەم ساتەش هیچ جدییەتێکى پیشان نەداوە، بە پشتبەستن بە بڕیارى ئەنجومەنى کۆمسیارانى دەستەکە ژمارە (2021 / ق60)ى ڕۆژى 21/6/2021، بەردەوام دەبین لە گرتنەبەرى ڕێوشوێنى یاسایى تر تا سەرجەم ئەو ڕێوشوێنانەى لە دەقى گرێبەستەکەدا هاتووە، بە جۆرێک کە پارەى گشتى بپارێزرێت.

 

دەستەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە، بۆ پاراستنى مافى بەکارهێنەر و بەشدارانى کۆڕەک تیلیکۆم، سورین لەسەر ئەوەى سەرجەم ڕێوشوێنەکان بەپێى گرێبەستەکان بێت، بەشێوەیەک کە گرەنتى ئەوە بکات بەشداران خزمەتگوزارى پەیوەندییان هەبێت لە عێراق.

 

ئەوەش هاتووە، لێرەوە بە بەشدارانى کۆڕەک ڕادەگەیەنین ئەم بەیاننامەیە بۆ ئاگادارکردنەوەى ڕاى گشتییە لە شەفافیەت و ڕوونى ڕێوشوێنەکانە کە بەرامبەر کۆمپانیاکە دەگیردرێتە بەر لە چەند ڕۆژى داهاتوودا، ئەوەش لە چوارچێوەى پابەندبوون بە یاسا و پاراستنى مافى گشتى و بەکارهێنەر.