ناس کورد-
لە چەمچەماڵ بە نەشتەرگەرییەکى دەگمەن منداڵێک لە مردن ڕزگارکرا کە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی لەسەر پاسکیل بۆری هەناسەی پچڕابوو.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
منداڵەکە تەمەنى نۆ ساڵان بووە و درەنگانى شەوى ڕابردوو ڕەوانەى نەخۆشخانەى گشتی شەهید پێشڕەو لە چەمچەماڵ کرا، دواى ئەوەى بەهۆی کەوتنە خوارەوەی لەسەر پاسکیل و سوکانی پاسکیلەکەی چووبوو بەبۆری هەناسەیدا و بەتەواوەتی پچڕابوو، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى تەندروستى چەمچەماڵ کە دەست "ناس کورد" کەوتووە.
د. هیوا حسین ئەو پزیشکەی نەشتەرگەرییەکەی ئەنجامداوە وتی، "بەهۆی قورسی و مەترسیداری لەبەر پاراستنی ژیانی منداڵەکە دەستبەجێ بڕیارماندا نەشتەرگەری بۆ ئەنجامبدەین لەبەرئەوەی زۆر ئەستەمبوو لەژیاندا بمێنێت و بگاتە نەخۆشخانەکانی سلێمانی بەهۆی هەناسەتوندی و شینبوونەوە و دابەزینی ئۆکسجینی و نەزیفبوونی".
وتیشی، "دوای کاتژمێرێک مانەوە لە نەشتەرگەری و دورینەوەی بۆری هەناسەی و ڕاگرتنی نەزیفبوونەکەی مەترسی لەسەر ژیانی نەما و بەمەبەستی چاودێریکردنی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شارکرا لە سلێمانی".
د. هیوا حسین دەڵێت، لەئێستا باری تەندروستی منداڵەکە جێگیرە لە یەک دو ڕۆژی تردا دەگەڕێتەوە ماڵەوە و نەخۆشخانە بەجێدەهێڵێت.