گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بزانە دراوە بە چی

بەهەدەردانی زیاتر لە 80 ملیۆن دۆلار لەلایەن وەزارەتی کارەباوە ئاشکرا دەکرێت

2021.06.28 - 16:14
App store icon Play store icon Play store icon
بەهەدەردانی زیاتر لە 80 ملیۆن دۆلار لەلایەن وەزارەتی کارەباوە ئاشکرا دەکرێت

ناس کورد-

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، وەزارەتی کارەبا بە نەشارەزایی زیاتر لە 80 ملیۆن دۆلاری داوە بە ژمارەیەک مۆلیدە، بەڵام ماوەی 14 ساڵە و تائێستا کاریان پێنەکراوە و خەریکە لەناو دەچن، دەشڵێت، مۆلیدەکان ئەوەندە گازیان پێویستە ئەگەر لە وڵاتێکی دیکەی کارەبا ڕابکێشن هێندە تێچووی نابێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

چیرۆکەکە لەوە دەستیپێکردووە لە ساڵی 2007، ژمارەیەک مۆلیدەی گەورەی کارەبا بەمەستی دابینکردنی کارەبای نیشتیمانی دەکڕدرێن کە هەریەکێکیان 80 مێگوات کارەبا دابین دەکات.

 

May be an image of outdoors

 

کاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی (دووشەممە 28ی حوزەیرانی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "ئەو مۆلیدانە لەساڵی 2007 لەلایەن وەزارەتی کارەباوە کڕدراون و نرخی سەرجەمیان زیاتر لە 80 ملیۆن دۆلارە، بەڵام تائێستا کاریان پێنەکراوە."

 

وتیشی، "بەدواداچوونم بۆ پرسەکە کردووە، هۆکاری ئەوەی کە تائێستا کاریان پێنەکراوە ئەوەیە کە تێچوویەکی زۆری پێویستە و لە 24 کاتژمێردا 40 هەزار لیتر گازی دەوێت، کە ئەگەر لیتری بە 500 دیناریش بکڕدرێت تێچوویەکی زۆر زۆر دەکات."

 

"تێچووی مۆلیدەکان ئەوەندە زۆرە ئەگەر کارەبا لە وڵاتێکی دیکەوە ڕابکێشرایە و مانگانە کرێی بدرایە ئەوەندە تێچووی نەدەبوو."، کاسترۆ مەعروف وای وت.

 

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو کارەی کراوە زۆر بە نەشارەزایی کراوە و بیر لەوە نەکراوەتەوە کە تێچووی ئەو مۆلیدانە چەندە، ئەگەر ئەوە لە هەر وڵاتێکی دیکە بوایە هەر بەرپرسێک بوایە دادگایی دەکرا و سزا دەدرا."

 

مۆلیدەکان بۆ ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین کڕدراون بەمەبەستی زیادکردنی کارەبای نیشتیمانی و هاوکاریکردنی کەرتی کارەبا.

 

May be an image of outdoors

 

کاسترۆ مەعروف دەڵێت، "مۆلیدەکان بەهۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆرە دانراون و کاریان نەکردووە بەرەو لەناوچوون دەچن و داوامان لە وەزارەتی کارەبا کردووە ڕوونکردنەوەمان بدەنێ لەسەر لایەنی کەمتەرخەم و هەروەها هەوڵبدرێت مۆلیدەکان بفرۆشرێن."

 

هاوکات ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە "ناس کورد"ی وت، "مۆلیدەکان لەلایەن ئیدارەی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانییەوە کڕدراون و ئەوان ئاگاداری بابەتەکەن."

 

وتیشی، "مۆلیدەکان لەکارکەوتوون و ئێستا کار ناکەن کە هەریەکەیان 80 مێگاوات کارەبا دابین دەکات."

 

ناس کورد لەوبارەیەوە پەیوەندی بە بەڕێوەبەر و وتەبیژی کارەبای سلێمانییەوە کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەیان نەدایەوە.

 

کاسترۆ مەعروف، پێیوایە ئەمە تاکە دۆسییەی لەوشێوەیە نییە و ئەو کارانە لە زۆربەی وەزارەت و کەرتەکانی دیکەشدا هەیە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کەس بەکاری خۆی هەڵناسێت و دەڵێت، "هیچ کەس کاری خۆی ناکات، نە پەرلەمانتار نە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا و نە وەزیر و نە بەڕێوەبەری گشتی، ئێمە بەردەوام لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دەژین و کار دەکەین، ئەوەش ئەم هەرێمەی گەیاندووە بەم دۆخە."