گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حكومەتی ئەفغانستان شەش مانگ بەرگری پێ دەكرێت

پاش 20 ساڵ ئەمەریكا دەستی شت لە ئەفغانستان و بەجێیدەهێڵێت بۆ تالیبان

2021.06.28 - 12:18
App store icon Play store icon Play store icon
پاش 20 ساڵ ئەمەریكا دەستی شت لە ئەفغانستان و بەجێیدەهێڵێت بۆ تالیبان

ناس كورد

لێدوانەكانی جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمەریكا لەپاش دیداری ئەشرەف غەنی سەرۆكی ئەفغانستان ئاماژەی ڕوون بوون لەسەر ئەوەی ئەمەریكا بەتەواوی دەستی شتووە لە دۆسییەی ئەفغانستان و بەجێیدەهیڵێت بۆ ئەگەری زاڵبوونی بزووتنەوەی تالیبان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەگوێرەی شیكارێكی شەرقولئەوسەت (28 حوزەیرانی 2021)، بەر لە بایدن ئۆباما و ترەمپیش هەمان بەرنامەی كشانەوەیان هەبووە، بەڵام لەترسی گەڕانەوەی ئەفغانستان بۆ پاڵپشتیكردنی تیرۆر نەیانتوانیوە بڕیاری وەك بایدن بدەن، ئێستا پاش 20 ساڵ لە كوشتاری عەسكەری و مەدەنی و خەرجكردنی هەزاران ملیار دۆلار لە ئەفغانستان بۆ تێچوونی شەڕ و ئاوەدانكردنەوە، ئەمەریكا گەیشتوەتە ئەو بڕوایەی "شەڕی ئەفغانستان براوەی نییە و هەرچی لەگەڵدا بكرێت بێسوودە".

 

شیكارەكە كە "ناس كورد" خوێندنەوەی بۆ كردووە دوو سیناریۆ دەخاتەڕوو بۆ بارودۆخی ئەفغانستان لەپاش كشانەوەی سوپای ئەمەریكا:

 

سیناریۆی یەكەم: هەرەسی خێرای حكومەتی ئەشرفە غەنی و گەڕانەوەی كۆنترۆڵی بزووتنەوەی تالیبانە بەسەر كابول و زۆرینەی خاكی وڵات، ئەمەش پرسیارێكی گەورەی دروستكردووە كە ئاخۆ ئەمجارە تالیبان چۆن حوكمڕانی دەكات؟ یان پاڵپشتی قاعیدە دەكاتەوە، ئایا بەتەنها حوكم دەكات بەتایبەت پاش ئەوەی پێشنیاری بەشداریكردنی لە حكومەتی ئەفغانی ڕەت كردووەتەوە.

سیناریۆی دووەم: گەڕانەوەی حكومی تالیبان دەبێتە هۆی بەریەككەوتن لەگەڵ كەمایەتی و پێكهاتە نا پەشتۆنییەكانی ئەفغانستان چونكە پێكهاتەی كۆمەڵایەتی تالیبان 48% ئەفغانستان پێكدەهێنن و جگە لە پەشتۆن لەوان تاجیك و ئۆزبەك و هەزارەش هەن، تەنانەت لەناو پەشتۆنییەكانیشدا دابەش بوون هەیە و كۆدەنگی نییە.

 

بەگوێرەی ئەو پێشبینییانەی كە هەن حكومەتی ئەشرەف غەنی شەش مانگیتر دەتوانێت بەرگری بكات و هەرەس دەهێنێت لەبەردەم باڵادەستی تالیبان، لە ئیستاشدا وڵاتانی دەوروبەر لە سۆراغكردن و مشتومڕی چۆنییەتی مامەڵەكردندان لەگەڵ بارودۆخی پاش دەركەوتنەوەی تالیبان، لەم میانەیەشدا ئێران و هیند و ڕوسیا و كۆمارەكانی ئاسیای ناوەڕاست هەریەك هۆكار و پاسا و پلانی تایبەتی خۆیان هەیە بۆ بارودۆخەكە كە رەنگە هەریەكەیان پشتیوانی گروپێكی دڵخوازی خۆیان بكەن و ئەفغانستان بگەڕێننەوە بۆ شەڕی ناوخۆ.

 

لەدەرەوەی ئەم هاوكێشانەش هێشتا تالیبان دیدگایەكی نییە لەسەر چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ بارودۆخی ئابووری و مافی مرۆڤ و پەیوەندییەكانی ئەفغانستان و لەئێستادا زیاتر پشتی بەقاچاخچێتی و كۆمەكی هەندێ دەزگای هەواڵگری بەستووە، بەڵام ئەمە بۆ حوكمداریی ئەفغانستان بەس نییە و دادی نادات.