ناس کورد-
باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق لەبارەى بڕیارەکەى ئەمڕۆى دادگاى پێداچوونەوەى هەرێم دەرهەق بە دەستگیرکراوانى بادینان هاتە دەنگ و سەرکۆنەى بڕیارەکەى کرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مارتن ھۆس باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق (27ى حوزەیرانى 2021) لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەى بە بڕیارى دادگاى پێداچوونەوەى هەولێر کردووە دەرهەق ئەو پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاکوانەى بادینان کە بڕیارى جێبەجێکردنى شەش ساڵ زیندانیکردنیانى پەسەند کرد.
هۆس ئاماژە بەوە دەکات کە ئیجرائاتى ناڕاست و ناتەندروست بەرامبەر ئەو دەستگیرکراوانە ئەنجام دراوە بەگوێرەى ئەوەى کە ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئاماژەى بەوە کردووە.
دەشڵێت "مافى رادەربڕین و مافى ڕۆژنامەوانى و هەروەها دادگەیەکى سەربەخۆ یەکێکە لە مافە بنچینەییە سەرەتاییە دیموکراتیەکان".
هەڵوێستەکە لە کاتێکدایە کە دادگای پێداچوونەوەى ھەرێم بڕیاری جێبەجێكردنی شەش ساڵ زیندانیكردنی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینانی جێبەجێكردوە و سەرجەم تانە و ڕاستکردنەوەکانی ڕەتکردەوە و بواری پێداچوونەوە بە سزاکەدا نەما.
بەشدار حەسەن، پارێزەری سزادراوانی بادینان (یەکشەممە 27ی حوزەیرانی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ یەکێک لە پارێزارەرەکانمان چووەتە دادگای پێداچوونەوە و ئەوەیان پێ ڕاگەیاندووە کە جارێکیتر بڕیاردراوە بە پەسەندکردنی سزای سزادراوانی بادینان."
ئەگەرچی پێشتریش دادگای پێداچوونەوە سزاکەی پەسەندکرد، بەڵام لەدوای فشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لەبارەی دۆسییەکەوە، دۆسییەکە جارێکیتر گەڕێنرایەوە دادگای پێداچوونەوە ئەوەش بۆ دروستکردنی هەلێکی دیکە بە هەڵوەشاندنەوەی سزاکە.
ئەگەرچی لەدوای فشارەکان، پارێزەران و کەسوکاری سزادراوان بە ئومێد بوون بۆ هەڵوەشاندننەوەی سزاکە، بەڵام دواجار دادگای پێداچوونەوە دوا بڕیاری دا.
بەشدار حەسەن ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا تەنها سەرۆکی هەرێم دەتوانێت لێبوردن بۆ ئەو چالاکوانانە دەربکات، یاخود پەرلەمان و حکومەت لێبوردن بۆ ژمارەیەک بەندکراو دەربکەن لەنێویشیاندا ئەو چالاکوانانە.
وتیشی، "چەندین بەندکراو هەن کە بە تۆمەتی زۆر سادە و بچوک لە زینداندان، بۆیە ئێمە داوا لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین لێبوردنێک دەربکەن، چونکە لەساڵی 2016وە لێبوردن لە هەرێم دەرنەکراوە."