گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

وەزیرە ’بێدەنگ’ەکەی حکومەتی هەرێم بێدەنگی دەشکێنێت

2021.06.27 - 20:38
App store icon Play store icon Play store icon
وەزیرە ’بێدەنگ’ەکەی حکومەتی هەرێم بێدەنگی دەشکێنێت

 ناس کورد-

لەگەڵ ناشەفاف بوونی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا و نەبوونی خێر و بەرەکەتی بۆ هاووڵاتیان، دوای زیاتر لە 14 ساڵ لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم وەزیری سامانە سروشتییەکان لە ئاشتی هەورامییەوە گۆڕا بۆ کەمال ئەتروشی، بەڵام وەزیرە نوێیەکە تایبەتمەندییەکی هەیە کە ئەویش بێدەنگییە لە ئاست هەموو شتێکدا.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە سەرەتای کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی کابینەکەی مەسرور بارزانی شەفافبوونی پرۆسەی نەوت و داهاتەکانی هەرێمی کوردستان بوو، ناڕوونی ئەو دۆسییەیەش وای کرد دوای زیاتر لە ساڵێک لە دەستبەکاربوونی کابینەکە وەزیری نوێی سامان سروشتییەکان دیاری بکرێت.

 

لە بەرواری 6ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ کەمال ئەتروشی لە پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 81 پەرلەمانتار بووە وەزیری سامانە سروشتییەکان و سوێندی خوارد کە پارێزگاری لە یەکێتی گەل و خاکی هەرێمی کوردستان بکات و ڕێز لە یاسا ڕەچاوکراوەکان بگرێت.

 

هەر لەدوای ئەوەی دەنگی پێدرا و سوێندی یاسایی خوارد، ڕاستەوخۆ کەمال ئەتروشی بەبێ ئەوەی هیچ قسەیەکی دیکە بکات پەرلەمانی کوردستانی جێهێشت و ئیدی لەو کاتەوە هیچ قسەیەکی لەسەر هیچ پرسێک نەکردووە.

 

کەمال ئەتروشی ئەو کاتەی دەستبەکاربوو نرخی نەوت لە دەوروبەری 50 دۆلار بوو، ئێستا نرخی نەوت نزیک دەبێتەوە لە 80 دۆلار، بەڵام وەزیری سامانە سروشتییەکان هەر بێدەنگە و هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەسەر زیادبوونی داهات نادات.

 

لەماوەی ڕابردوو نرخی بەنزین بەرزبووەوە و کاردانەوەی زۆری دروست کرد، زۆرینەی بەرپرسان قسەیان لەسەر کرد، بەڵام وەزیری سامانە سروشتییەکان هەر بێدەنگ بوو، ئەگەرچی ئەو پرسە پەیوەندی ڕاستەخۆی بەوەوە هەیە.

 

نەوت بەرزبووەتەوە و هەمووان داوای داهاتی ڕاستەقینەی نەوت دەکەن، بەڵام وەزیری سامانە سروشتییەکان دیسان بێدەنگی هەڵدەبژێرێت و لە هیچ شوێنێکەوە دەرناکەوێت.

 

د. شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان پێیوایە، وەزیری سامانە سروشتییەکان بێدەنگ کراوە بۆیە هیچ قسەیەک ناکات.

 

شێرکۆ جەودەت بە ناس کوردی وت "سیستمێکی گەندەڵکار کە چەندین گەندەڵی تێدا بێت بە کەسێک چارەسەر ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە چاکسازی ڕاستەقینە و پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵکاران هەیە".

 

دەشڵێت "لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری سامانە سروشتییەکان دەتوانێت کاریگەریی خۆی هەبێت، بۆیە بێدەنگی لە گەندەڵی، هاوبەشییە لە گەندەڵی، کە لە هیچ پرسێکیشدا قسە ناکات واتای ئەوەیە پێی وتراوە قسە مەکە".

 

 بڕیارە سبەینێ پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە لەسەر داهات و پرسی لێبڕینی موچە دەبێت.

 

بڕیارە بۆ یەکەمجار لەدوای سوێندخواردنی، وەزیری سامانە سروشتییەکان بچێتە پەرلەمان و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران بداتەوە و ڕوونکردنەوە لەبارەی داهاتی نەوتەوە بدات و بێدەنگییەکەی بشکێنێت.

 

لەڕووی یاساییەوە دۆسییەی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی ئەنجومەنێکدایە کە سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی و سامانە سروشتییەکان ئەندامن تێیدا.

 

بەڵام شێرکۆ جەودەت دەڵێت، بەشێوەیەکی نایاسایش و لە ئەرزی واقعدا نەوت لەژێر دەسەڵاتی چەند دەستە و تاقمێکی دەستڕۆیشتوودایە کە لە ئاستی باڵا و خوارەوەشدان و کۆمپانیاکانی خۆیان سودمەندن لەو بێسەروبەرەیی و ناڕوونیەی لە دۆسییەی نەوتدا هەیە.