گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دادگای پێداچوونەوە بڕیاری کۆتایی سزادانی چالاکوانانی بادینانی پەسەند کرد

2021.06.27 - 11:42
App store icon Play store icon Play store icon
دادگای پێداچوونەوە بڕیاری کۆتایی سزادانی چالاکوانانی بادینانی پەسەند کرد

ناس کورد-

دادگای تێهەڵچوونەوەى ھە‌رێم بڕیاری جێبە‌جێكردنی شە‌ش ساڵ زیندانیكردنی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینانی جێبە‌جێكردوە‌ و سەرجەم تانە و ڕاستکردنەوەکانی ڕەتکردەوە و بواری پێداچوونەوە بە سزاکەدا نەما.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەشدار حەسەن، پارێزەری سزادراوانی بادینان (یەکشەممە 27ی حوزەیرانی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ یەکێک لە پارێزارەرەکانمان چووەتە دادگای پێداچوونەوە و ئەوەیان پێ ڕاگەیاندووە کە جارێکیتر بڕیاردراوە بە پەسەندکردنی سزای سزادراوانی بادینان."

 

ئەگەرچی پێشتریش دادگای پێداچوونەوە سزاکەی پەسەندکرد، بەڵام لەدوای فشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لەبارەی دۆسییەکەوە، دۆسییەکە جارێکیتر گەڕێنرایەوە دادگای پێداچوونەوە ئەوەش بۆ دروستکردنی هەلێکی دیکە بە هەڵوەشاندنەوەی سزاکە.

 

ئەگەرچی لەدوای فشارەکان، پارێزەران و کەسوکاری سزادراوان بە ئومێد بوون بۆ هەڵوەشاندننەوەی سزاکە، بەڵام دواجار دادگای پێداچوونەوە دوا بڕیاری دا.

 

بەشدار حەسەن ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا تەنها سەرۆکی هەرێم دەتوانێت لێبوردن بۆ ئەو چالاکوانانە دەربکات، یاخود پەرلەمان و حکومەت لێبوردن بۆ ژمارەیەک بەندکراو دەربکەن لەنێویشیاندا ئەو چالاکوانانە. 

 

وتیشی، "چەندین بەندکراو هەن کە بە تۆمەتی زۆر سادە و بچوک لە زینداندان، بۆیە ئێمە داوا لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین لێبوردنێک دەربکەن، چونکە لەساڵی 2016وە لێبوردن لە هەرێم دەرنەکراوە."