گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یانەی سیروانی نوێ: دەنگۆی سەر كچانی یانەكەمان لە لێكۆڵینەوەدایە

2021.06.25 - 23:06
App store icon Play store icon Play store icon
یانەی سیروانی نوێ: دەنگۆی سەر كچانی یانەكەمان لە لێكۆڵینەوەدایە

ناس کورد-

یانەی سیروانی نوێ ڕایگەیاند، ھەر کەس و لایەنێک بابەتێک لەسەر کچانی یانەکە بەبێ بوونی بەڵگە بڵاوبکاتەوە ئەوە ڕووبەرووی یاسایان دەکەنەوە و دەڵێت، "گومانمان لە کچە یاریزانەکانمان نییە."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

یانەکە لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت، سەبارەت بەو دەنگۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، "بەرێزان داواکاری گشتی و بەرێوەبەرایەتی گشتی وەرزش لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامە، ھەر کەسێک تاوانبار بێت سزای خۆی وەردەگرێت، لەکاتی نەبوونی بەڵگە و بێ تاوانیدا دەبێت بە فەرمی داوای لێبوردن لە یانەی سیروانی نوێ بکرێت، ھەروەھا یانەکە مافی ئەوەی ھەیە داوای قەرەبوی ماددی و مەعنەوی بکات."


لە ڕوونکردنەوەکەیدا، یانەکە بە تێبینییەک دەڵێت، "تیپی گۆرەپان و مەیدانی کچانی یانەکەمان لە 12 یاریزان پێکدێت".

 

دوێنێ پێنجشەممە، 24ی حوزەیرانی 2021، پۆلیسى سلێمانى دەستگیرکردنى تۆمەتبارێکى ڕاگەیاند کە لەلایەن چەند کچە یاریزانێکەوە سکاڵاى لەسەر تۆمارکرابوو، دواتر ئەوە ئاشکرا کرا کە ڕاهێنەرێکی یانەی سیروانی نوێیە.

 

بەپێی راگەیەنراوێکى پۆلیس کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، پاش تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەلایەن چەند کچە یاریزانێکەوە لەسەر تۆمەتبارێک و دوای لێکۆڵینەوەی ورد و کۆکردنەوەی زانیاری پێویست و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، هێزەکانی پۆلیس توانییان تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لەئێستادا تۆمەتبار (س، ح، ر) بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 396 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

 

پۆلیس هیچ ئاماژەیەکى بەو تۆمەتە نەکردووە کە ئەو کەسەى لەسەر دەستگیرکراوە، بەڵام ئەو ماددەیەى کە پۆلیس ئاماژەى پێکردووە پەیوەندیدارە بە تۆمەتى دەستدرێژییەوە.

 

بەپێی ماددەکە، سزا دەدرێت بە زیندانی كەزیاتر نەبێت لە (7) ساڵ یان (حبس)، ئەگەر دەستدرێژیكەرەكە دەستدرێژی بكات بەهێز یاخود هەڕەشەی كرد یان بەفرتو فێڵ یان بەهەرشێوەیەك لەشێوەكانی ناڕازی بوون، ئەو كەسەی تاوانەكەی لێكرابێت نەگەشتبێتە (18) ساڵ.