ناس کورد-
مستەفا کازمى رایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەى دەینێرن بۆ هەرێمى کوردستان پێشینەیە نەک پشکى هەرێم لە بودجە و بۆ موچەى فەرمانبەرانە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کازمى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى عێراقییەى فەرمى وتى "گەلى کورد گەلى ئێمەیە، پشکى هەرێممان خەرجنەکردووە، بەڵکو ئەوەى دەینێرین پێشینەیە بۆ دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران".
وتیشى "ناکرێت فەرمانبەرانى هەرێم بێ موچە بن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە بوجە نییە، بەڵکو پێشینەیەکە لە پشکى هەرێم دەبڕدرێت بەپێی حسابەکانى دیوانى چاودێرى دارایی هەردوولا".
کازمى باسى لەوەشکرد، ئەو قسانەى دژى ناردنى پارەکە دەکرێن، ئامانجى سیاسی هەیە و بۆ بانگەشەى هەڵبژاردنە.
ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق 15 ى حوزەیرانى 2021 بڕیاریدا بڕى ترلیۆنێک و 200 ملیار دینار وەک پشکى شەش مانگى رابردووى هەرێم بنێرێت، لەگەڵ ناردنى 200 ملیار دینارى مانگانە، بەڵام هێشتا هیچ بڕە پارەیەک نەنێردراوە.
عەلى عەلاوى وەزیرى دارایی عێراق ئەمڕۆ نەناردنى 200 ملیار دینارەکەى بۆ هەرێم گەڕاندەوە بۆ جیاوازییان لەگەڵ هەرێم لەبارەى هەژمارکردنى پشکەکەى لە بودجەى 2021.
ئەو قسانەى عەلى عەلاوى لەمیانەى کۆبوونەوەیدا بوو لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کە ئەمڕۆ پێنج شەممە بەڕێوەچوو، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەى ماجیدە تەمیمى ئەندامى لیژنەکە.
بەپێی راگەیەنراوەکە کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، وەزیرى دارایی لەبارەى خەرجکردنى 200 ملیار دینار بۆ هەرێم وتویەتى "ئەو پرسە خراوەتەڕوو بەڵام هەژمارکردنەکانمان لەگەڵ هەرێم جیاوازە بۆ پشکەکەى لەگەڵ شێوازى هەژمارکردنى".
وتیشى "تائێستا ئەو پارەیە خەرجنەکراوە، هەروەها پشکى هەرێم وەک ئەوەى لە بودجەدا دیاریکراوە خەرجنەکراوە".