گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لێدوانی فەرمی بەغدا لەبارەی وادەی ناردنی 200 ملیارەکەى هەرێم

2021.06.22 - 22:57
App store icon Play store icon Play store icon
لێدوانی فەرمی بەغدا لەبارەی وادەی ناردنی 200 ملیارەکەى هەرێم

ناس کورد-

وتەبێژی حکومەتی عێراق جەختی کردەوە کە بەمزوانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرن وەک سولفەیەک.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   


حەسەن نازم، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا (22ی حوزەیرانی 2021) وتی، "ئەمە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە. سولفەیەکە بۆ پێدانی موچە لە کوردستان، دواتر لەنێو پشکی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکرێت، ئەمە ڕێککەوتنی لەسەرکراوە. بەڵام کەی خەرج دەکرێت ئەمە بابەتێکی تەکنیکییە، بەدڵنییایەوە بەمنزیکانە دەبێت، کاری تەکنیکی ماوە بۆ دابینکردن و ناردنی ئەو پارەیە بۆ کوردستان".

 

وتیشی، "گرنگە ئاماژە بەوە بدەین کاتێک ئەنجومەنی وەزیران ئەو بڕیارەی داوە، بە لایەنی مرۆیی ئەو بڕيارەی داوە. زۆربەی فەرمانبەرانی عێراقی لە کوردستان چەند مانگێکە مووچەیان وەرنەگرتووە، بۆیە ئێمە بەرپرسین لە دابینکردنی ئەو پارەیە بۆیان".

ڕۆژى 15ى حوزەیرانى 2021، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا بڕى ترلیۆنێک و 200 ملیار دینار وەک پشکى شەش مانگى رابردووى هەرێم بنێرێت، لەگەڵ ناردنى 200 ملیار دینارى مانگانە.

 

بڕیارى ناردنى پشکى هەرێم لە بودجەى عێراق لەلایەن مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانەوە خرایە بەردەم ئەنجومەنى وەزیران و دەنگى پێویستى بەدەستهێناوە.

 

بەپێى ئەو زانیارییانەى "ناس کورد" لە سەرچاوەیەکى ئاگادارەوە لە بەغدا دەستیکەوتووە، لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا کازمى بڕیارى ناردنى پشکى هەرێمى خستووەتەڕوو، داوایکردووە بە دەنگدان یەکلایی بکرێتەوە.

 

وتیشى، کازمى لە کۆبوونەوەکەدا بە وەزیرەکانى وتووە ڕەنگە گفتوگۆکان لەنێوان لیژنە هونەرییەکانى هەرێم و بەغدا کاتێکى زۆرتر بخایەنن، با بڕیارى ناردنى گوژمەى یەکەم کە بڕى ترلیۆنێک و 200 ملیۆن دینارە بدرێت تا ئەو کاتەى گفتوگۆکان دەگەنە ئەنجام، لەگەڵ ناردنى بڕى 200 ملیار دینارى مانگانە.

 

بەوتەى سەرچاوەکە، بڕیارەکە دەنگى پێویستى هێناوە لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران و دەخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

 

هاوکات مەسرور بارزانی لە تویتەری خۆی نوسیویەتی، "ئەمڕۆ لەگەڵ مستەفا کازمی گفتوگۆمان دەربارەی پابەندبوونی هاوبەشمان بۆ ڕاستەڕێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد."

 

دەشڵێت، "خۆشحاڵم ڕایبگەیەنم كە گەیشتووینەتە ڕێکەوتنێك كه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هەرێمی کوردستان بگه‌ڕێندرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە حيساب دەکرێت بە (أثر رجعي)."

 

مەسرور بارزانی ئەو بڕیارەى بەغدا بە "وەرچەرخانێکی گرنگ" ناوبردووە و دەڵێت بە یەکەوە بە سەر بەربەستێکی سەختدا زاڵ بوون.

 

ئەو بڕیارەى بەغدا هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامى گفتوگۆکانى چاودێرى دارایی بەغدا و هەرێم بۆ وردبینیکردن لە داهاتە نانەوتییەکانى هەرێم، کە بەپێی یاساى بودجە پێویستە نیوەیان رادەستى بەغدا بکرێت، سەربارى داهاتى رۆژانەى 250 هەزار بەرمیل نەوت.