گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

پشکی پارتى و چەند حزبێکی دیکەى عێراقی تێدایە

ناس کورد ڕێککەوتنى ژێربەژێری لایەنەکان بۆ دابەشکردنى پۆستەکان ئاشکرادەکات [تایبەت]

2019.06.18 - 15:55
ناس کورد ڕێککەوتنى ژێربەژێری لایەنەکان بۆ دابەشکردنى پۆستەکان ئاشکرادەکات [تایبەت]
ناس کورد- چەند بەڵگەنامەیەک ڕێککەوتنى ژێربەژێری لایەنەکان بۆ دابەشکردنى پۆستەکانى حکومەتى عێراق ئاشکرادەکەن و ناس کورد پشکی پارتى دیموکراتى کوردستان و لایەنەکانى ترى عێراق لەو پۆستانە، دەخاتەڕوو. . لە بەدواداچوونی بۆ ڕاست و دروستیی ئەو بەڵگەنامانە، لە لێدوانێکیدا بۆ ناس کورد سەرکردەیەکی ڕەوتی حیکمە بەمەرجی ناونەهێنانى ڕایگەیاند:"بڕیاری بوون بە ئۆپۆزسیۆن کە رەوتەکە داویەتی، بە واتاى ئەوە نییە بەشدارى لە بەڕێوەبردنى وڵاتدا نەکەین، چونکە رەوتى حیکمە بەشێکە لە دەوڵەت و دەستبەردارى مافی بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنى وڵاتدا نابێت، بەڵکو بەو واتایەیە کە بەشدارى لەو پۆستانەدا ناکات کە هەموو چوار ساڵ جارێک دەگۆڕدرێن". . بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەى کە دەست (ناس کورد) کەوتووە، شەش پۆست دەدرێن بە یەکێتیی هێزەکان کە محەمەد حەلبووسی سەرکردایەتی دەکات و چوار پۆستیش دەدرێن بە هەریەک لە پارتى دیموکراتى کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسعود بارزانى و حزبی ئیسلامیی عێراق بە سەرۆکایەتی ئەیاد سامەڕائی. هەروەک ڕەوتى حیکمە بەسەرۆکایەتی عەمار حەکیم پێنج پۆست و سێ پۆستیش دەدرێن بە هەریەک لە عەسائیبی ئەهلی حەق بەسەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی و ڕێکخراوى بەدر بەسەرۆکایەتی هادی عامری و ئەنجومەنى باڵای ئیسلامی کە هومام حەموودى سەرۆکایەتی دەکات. . لەکاتێکدا هاوپەیمانیی سائیروون بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر حەوت پۆستی بەردەکەوێت. . هەر بەگوێرەى ئەو بەڵگەنامانە، دیارنییە پشک بدرێت بە ئیئتیلافی نەسڕ بەسەرۆکایەتی حەیدەر عەبادى کە پێشتر چەندین ڕاگەیەندراوی لەو بارەیەوە بڵاوکردبووەوە و هێرشی کردبووە سەر "ڕێککەوتنى ژێربەژێری دابەشکردنى پۆستەکان" و دژایەتیی خۆی بۆ دابەشکردنى پۆستەکانى دەوڵەت بەپێی پشکپشکێنە ڕاگەیاندبوو. هەروەک هیچ ئاماژەیەک بۆ پشکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی نەکراوە. . ئەمەش لەکاتێکدایە کە پێشتر موقتەدا سەدڕ سەرۆکی ڕەوتى سەدڕ ڕەخنەى گرتبوو لە هاوپەیمانیی سائیروون کە ڕایگەیاندبوو:"لایەنەکان هەڵپەی دەستبەسەرداگرتنى پۆستەکانیانە". . سەدڕ داواشیکردبوو عادل عەبدلمەهدی سەرۆکوەزیران سەرپشک بکرێت لە تەواوکردنى کابینە وزارییەکەی لە ماوەى 10 ڕۆژدا. .