ناس کورد-
بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى شارى سلێمانى رایگەیاند، بەهۆی رووداوەكەی شەوی رابردوو كە لە سەرچنار روویدا 10 كەس بریندار بوون و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دكتۆر ئومێد عەلی ئەمڕۆ سێشەممە بە پێگەى فەرمى یەکێتى راگەیاند، سەرجەم بریندارەكانی رووداوەكەی شەوی رابردووی گەڕەكی سەرچنار تەندروستیان جێگیرە و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە.
وتیشی "لە رووداوەكەدا 10 كەس لە هەردوو هێزی ئاسایش و هێزی ئاڵتونی بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانە كراون و چارەسەریان بۆ كراوە".
پێشتر سەرچاوەیەکى تەندروستى بۆ "ناس کورد" باسى لەوەکرد، حەوت لە بریندارەکان رەوانەى نەخۆشخانەى شار کراون و چارەسەرى سەرەتاییان بۆ کراوە، بەشێکیان دواى وەرگرتنى چارەسەر رەوانەى ماڵەوە کراونەتەوە.
وتیشى دوو بریندارى تر دیکە پێشمەرگەن و رەوانەى نەخۆشخانەى شۆڕش کراون.
ناس کورد پەیوەندى بەبەرپرسانى هەردوو نەخۆشخانەکەوە کرد، بەڵام وەڵامى پەیوەندییەکانیان نەدایەوە.
درەنگانى شەوى رابردوو لەگەڕەکى سەرچنارى سلێمانى دەنگى تەقەیەکى زۆر بیسترا و بەهۆیەوە چەند کەسێک برینداربوون.
چەند سەرچاوەیەکى ئاگادار لەرووداوەکە بۆ "ناس کورد" باسیان لەوەکرد، رووداوەکە لەنێوان دوو هێزى ئەمنى و پێشمەرگە روویداوە.
تا ئێستا هێزە ئەمنییەکانى سلێمانى هیچ رونکردنەوەیەکیان لەو بارەیەوە نەداوە.
ناس کورد پەیوەندى بەبەرپرسانى پۆلیس و ئاسایشى سلێمانى یەوە کرد، بەڵام وەڵامى پەیوەندییەکانیان نەدایەوە.