گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ناڕازییەکانى نەوەى نوێ، بە نیازى چین؟

ناڕازییەکانی نەوەی نوێ دوو بژاردە دەخەنە بەردەم شاسوار عەبدولواحید [تایبەت]

2019.06.18 - 14:34
ناڕازییەکانی نەوەی نوێ دوو بژاردە دەخەنە بەردەم شاسوار عەبدولواحید [تایبەت]
ناس کورد- شەهرام عەزیز   ناڕازاییەکانی ناو جوڵانەوەی نەوەی نوێ، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جوڵانەوەکەیان خستووەتە بەردەم  دوو بژاردە و سەرکردەی بەرەی ناڕازی جوڵانەوەکە دەڵێت "ئەگەر سەرۆکی جوڵانەوەکە نەوەی نوێ جێنەهێڵێت، ئەوا ئەوان جێی دەهێڵن و جیادەبنەوە". . ڕابوون مەعروف، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بە ناس کورد-ى ڕاگەیاند:"بە شاسوار عەبدولواحیدمان ڕاگەیاندووە پێویستە جوڵانەوەکە جێبهێڵێت و بچێت خەریکی کاری بازرگانی خۆی بێت، بەپێچەوانەوە ئەوا ئێمە جوڵانەوەکە جێدەهێڵین و بەجیا کاری سیاسی خۆمان دەکەین، ماوەیەکیش کاتی پێدەدەین تا بڕیاری خۆی بدات". . رابوون مەعروف کە سەرۆکایەتى ناڕازییەکانى جوڵانەوەى نەوەى نوێ دەکات، سەبارەت بە چۆنێتی کارکردنی سیاسیان ئەگەر لە جوڵانەوەکە جیابوونەوە، ئاماژەی بەوە کرد، لە ئێستا دۆخی سیاسی هەرێم و عێراق ناتوانێت سەرهەڵدانی حزبێکی سیاسی دیکە بەخۆیەوە ببینێت و ئەوان جۆرێک لە کاری سیاسی نوێ دەهێننە هەرێم کە تەنها کاری فراکسیۆنی بێت بەدەر لە کاری حزبی، ئەوکاتیش چۆنێتی کارکردنیان لەڕێگەی پانێڵێکەوە زیاتر ڕووندەکەنەوە. . تائێستا روون نییە کە کام بەرە لایەنگریان زۆرترە بەوپێیەى هەر یەکێک لەو بەرەیە لە راگەیاندن و میدیاکاندا خۆیان وەک زۆرینە پێناسە دەکەن. . بەوتەى رابوون مەعروف "هەر چوار ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق و زۆرینەى ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان و زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا لە بەرەی ناڕازین و دژی شاسوار عەبدولواحیدن". . هاوکات ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ، بەمەرجى ناونەهێنانى قسەکانی ڕابوون مەعروفی ڕەتکردەوە، بە ناس کورد-ی وت "بەو شێوەیە نییە و لە پەرلەمانی عێراق تەنها، خۆیی و سەرکەوت شەمسەدین لەبەرەی ناڕازین و لە هەرێمیش ئەگەرچی ناڕەزایی لای هەندێک پەرلەمانتار دروستبووە، بەڵام ئێستاش پێکەوە لە فراکسیۆنەکەدا کاردەکەن". . ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ بۆ سەلماندنی قسەکانی، روونیکردەوە"دوێنێ (دووشەممە) بە ئامادەبوونى شاسوار عەبدولواحید، ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەکە کۆبوونەتەوە و لەکۆی 13 ئەندامی ئەنجومەنەکە تەنها سێ ئەندام ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون کە لە بەرەی ناڕازییەکانن". . ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد، سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنی نەوەى نوێ لە پەرلەمانی کوردستان پابەندی بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵان، هەر لەسەر راسپاردەى جوڵانەوەکە فراکسیۆنەکە بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێمى نەکرد و سەرجەم ئەندامان پابەندی بڕیارەکە بوون. . ئەندامەکەی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ، گرژى و ناکۆکییەکانى نێو جوڵانەوەکە بە کاتى ناودەبات و لەو بڕوایەدایە کە بەمنزیکانە چارەسەر دەبێت، بەڵام ڕابوون مەعروف جەختدەکاتەوە "ئەگەر شاسوار عەبدولواحید جوڵانەوەکە جێنەهێڵێت، ئەوان جیابوونەوەى خۆیان لە جوڵانەوەکە رادەگەیەنن". . رۆژی (24ی نیسانی 2019) شادی نەوزاد، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا لە تەلاری پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند: “لەلایەن شاسوار عەبدولواحید و گروپەکەیەوە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی ڕوتی دروستکراوی لێکراوە”، بەوهۆیەشەوە لە دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی سکاڵای تۆمارکرد و بەو هۆیەوە دوو سكرتێری تایبەتی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ و چەند خۆبەخشێكی نەوەی نوێ‌، دەستگیركران. . ڕۆژی 15ی ئایارى 2019  شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پاش ئەوەی چووە بەردەم دادگای سلێمانی بۆ وەرگرتنی وتە سەبارەت بە كەیسی هەڕەشەكردن لە “شادی نەوزاد” پەرلەمانتاری نەوەی نوێ، لەلایەن هێزێكی ئاسایشی سلێمانیەوە دەستگیركرا و لە دواى 15 رۆژ زیندانیکردن، لە رۆژى 30ى ئایارى 2019بە بڕیارى دادوەرى ئاسایش و بە کەفالەت، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ و سەرجەم ئەندامانى دەستگیرکراوى جوڵانەوەکە ئازادکراون. .