ناس کورد-
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی پله‌كانی گه‌رما زیاتر به‌رز ده‌بنه‌وه، قائیمقامیه‌تی سلێمانیش هۆشداری بە هاووڵاتیان ده‌دات و داوا دەکات لە کاتژمێر 11 بۆ 4ی عەسر لە ماڵەوە بمێننەوە و خواردنی ئەو شوێنانە نەخۆن کە لە شوێنی گەرمدا عەمبار دەکرێن، چونکە هۆکارێکن بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی و گواستنه‌وه‌ی په‌تای سكچون و ڕشانه‌وه.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا له‌شكر حه‌مید، سه‌رۆكی لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی (دووشەممە 21ی حوزەیرانی 2021) رایگه‌یاند، به‌پێی ئه‌و پێشبینیانه‌ی كه‌شوهه‌وای هه‌رێم ئاشكرا كردوه، پله‌كانی گه‌رما به‌رده‌وام له به‌رز بونهوهدایە، بۆیه بۆپاراستنی خۆیان پێویسته هاوڵاتیان هه‌ندێك رێكاری پێویست بگرنه‌به‌ر، له‌وانه خۆ به‌دور گرتن له كڕینی ئه‌و خواردن و خواردنه‌وانه‌ی له شوێنی گه‌رم و ناته‌ندروستدا عه‌مبارده‌كرێن یان به سه‌ربه‌تاڵی له‌بازاڕه‌كاندا به هاووڵاتیان ده‌فرۆشرێن، چونكه هۆكارێكن بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی و گواستنه‌وه‌ی په‌تای سكچون و رشانه‌وه كه زیاتر له منداڵاندا ده‌رده‌كه‌ون.
هاوكات د. په‌رست نه‌قشبه‌ندی، نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی له لیژنه‌كان داوا ده‌كات، له‌كاته گه‌رمه‌كاندا به‌تایبه‌ت له سەعات (11ی پێشنیوەڕۆ بۆ 4ی پاشنیوەڕۆ) هاووڵاتیان لە ماڵەکانیاندا بمێننه‌وه و بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت نه‌چنه دەرەوە بەتایبەتی ئەو کەسانەی نەخۆشییە درێژخایەنەکانیان لەگەڵدایە.
سه‌باره‌ت به مامه‌ڵه‌كردن به سوته‌مه‌نییه‌كان له كاته گه‌رمه‌كاندا، نه‌قیب رێكان جه‌مال، نوێنه‌ری به‌رێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگریی شارستانی له لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت دەڵێت، بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرماوە بەهیچ شێوەیەک نابێت و رێگەپێدراو نییە کە تانکەری سوته‌مه‌نییه‌كان به‌تایبه‌تی غازی شلی (LPG) لە کاتەکانی نیوەڕۆدا بۆ شوێنەکان هبگوازێتهوه لەبەر ئەوەی مەترسی روودانی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە، پێویستە لە درەنگانێکی شەودا ئەو کارە بکرێت، هەر شوێنێک پابەند نەبێت رووبەڕوی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە.
نوێنه‌ری به‌رێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی داوا له شۆفێران كردووە، له‌پێناو پاراستنی گیانی خۆیان و سه‌لامه‌تی ئوتۆمبیله‌كانیان له‌كاته زۆر گه‌رمه‌كاندا سه‌ردانی به‌نزینخانه‌كان نه‌كه‌ن و به‌نزین نه‌كه‌نه ئۆتۆمبیله‌كانیانه‌وه، چونكه له‌و كاتانه‌دا ئه‌گه‌ری دروستبونی روداوی نه‌خوازراو زیاتره.