گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

ڕاوێژکارێکى کازمى دوو مەرج بۆ لابردنى سفرەکانى سەر دینارى عێراقى ئاشکرا دەکات

2021.06.20 - 21:52
App store icon Play store icon Play store icon
ڕاوێژکارێکى کازمى دوو مەرج بۆ لابردنى سفرەکانى سەر دینارى عێراقى ئاشکرا دەکات

ناس کورد- 

ڕاوێژکارێکى سەرۆک وەزیرانى عێراق دوو مەرج بۆ لابردنى سفرەکانى دراوى عێراقى ئاشکرا دەکات و جەخت لەوەش دەکاتەوە، پێشنیارى لابردنى سفرەکان بەشێکە لە ستراتیژى چاکسازى لە سیستمى دراودا.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکارى ئابوریى سەرۆک وەزیرانى عێراق (20ى حوزەیرانى 2021) بە ئاژانسى هەواڵى فەرمى عێراقییەى وتووە، بانکى ناوەندى چەند مەرجێکى بۆ لابردنى سفرەکانى سەر دراوى عێراقى داناوە، دیاردەى لابردنى یاخود زیادکردنى سفرەکان بەشێوەیەکى سروشتى بەهۆى هەڵاوسان و بەرزبوونەوەى زۆرى نرخ ئەنجام دەدرێت، کە بەهۆى شەڕەکان و گەمارۆوە دروست دەبن و دەبنە هۆى کورتهێنان لە بودجەدا.

 

ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە، نرخ واتا نرخى کاڵا و خزمەتگوزارى و بە نەختینە حساب دەکرێت و بەرزبوونەوەى بەردەوامى نرخیش واتاى ئەوەیە نرخى پارەى کاش بەرەو داڕمان دەچێت، بەهۆى ئەوەشەوە پێویستە دراوى گەورەتر دروست بکرێت، بەهۆى ئەوەى دراوى کەم و بچوک نرخیان نامێنێت و مامەڵە و گۆڕینەوە گەورەکانیان لە بازاڕدا پێ ڕایى ناکرێت.

 

مەزهەر محەمەد ساڵح باس لەوەش دەکات، دواى ئەوەى کە هەڵاوسان کۆتایى دێت دەوڵەت پەنا دەباتە بەر کەمکردنەوەى ژمارەکان لە دەفتەرە حسابیەکان و بودجە و سەرجەم بوارەکانى تر، ئەوەش دواى ئەوەى دوو مەرج بەردەست بوون، یەکەمیان بریتییە لە سەقامگیرى نرخ و گەشەى ئابوریى جیهانیى، دووەمیش بریتییە لە سەقامگیرى گونجاو لە ژیانى سیاسیدا، بۆیە لەو کاتە سڕینەوەى سفرەکانى سەر دراو نەهێشتى ژمارە بچوکەکان و پۆینتەکان و ئاسانکارى حسابات گرنگە.

 

لەو بڕوایەشدایە، بوونى ژمارەى سفرى زۆر ئاسان نییە بۆ حسابات بەتایبەتى لە حساباتە گەورەکان و هەڵە ڕوو دەدات، لە ساڵانى نەوەدەکاندا بەهۆى ئەو هەڵاوسانەى ڕووبەڕووى ئابوریى عێراق بوویەوە 3 سفر بۆ دراوى عێراقى زیاد کران، یەک دینار بوو بە هەزار دینار و 10 دینار بوو بە 10 هەزار و 250 فلس بوو بە 250 دینار و ئەوەش بووە بچوکترین یەکەى دراوى کاش، ئەوەش تێچووى مامەڵە بچووکەکانى بەرز کردەوە و زیانى بە چینى هەژار و زۆرینە گەیاند.

 

ڕاوێژکارەکەى سەرۆک وەزیران دەشڵێت، بۆیە سیستمى نەختینە هیواى وایە قورسایى هەڵاوسان لاببات و 3 سفرى سەر دراو بسڕێتەوە، بەوەش ژمارەکان کەمتر دەبنەوە بەڵام هەمان نرخ دەبن، بۆ نمونە دینارێکى نوێ یەکسان دەبێت بە 1000 دینارى ئێستا بەڵام هەمان نرخى هەزار دینارەکەى دەبێت.