ناس کورد-
لاهور شێخ جەنگى هاوسەرۆکى یەکێتى رایگەیاند، هیوادارن هاوپەیمانێتییەکەیان لەگەڵ گۆڕان لەدواى هەڵبژاردن ببێتە چەترى کۆکەرەوەى کورد، تا نەخشەى سیاسەتى داهاتووى عێراق لە هەولێر و سلێمانى یەوە بکێشن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لاهور شێخ جەنگى لە مەراسیمى واژۆکردنى ڕێککەوتنى یەکێتى و گۆڕان بۆ پێکهێنانى هاوپەیمانى بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق وتى "ئەگەر کورد دواى هەڵبژاردن یەکدەنگ بێت لەم پەرتەوازەییەى ئیستاى لەبەغدا هەیە، دەتوانێت هێزێکى یەکلاکەرەوە بێت و نەخشەى سیاسیەتى داهاتووى عێراق لەهەولێر و سلێمانى یەوە بکێشن".
وتیشى هاوپەیمانێتییەکەیان لەگەڵ گۆڕان، درێژکەرەوەى بەڵێنى مام جەلال و نەوشیروان مستەفایە لە 17ى ئایارى 2016 بەیەکیاندا، بەڵام بەهۆى دەستوەردانى ناتەندروستەوە نەیانتوانى وەکو خۆى هاوپەیمانێتییەکە بگەیەننەجێ.
لاهور شێخ جەنگى کە سەرۆکایەتى هاوپەیمانێتییەکەى یەکێتى و گۆڕان دەکات جەختیکردەوە، پاراستنى هاوپەیمانێتییەکە وەک "بیلبیلەى چاومان" لەهەموو شتێک گرنگترە چونکە جارێکى تر لەم هۆڵە کۆبوونەوە و هاوپەیمانمان راگەیاند، بەڵام نەیانتوانى بیگەیەننەجێ.
"ئەم ناوچەیە پێشتر بەهۆى ناکۆکى هەردوولاوە ناخۆشى بەخۆیوە بینى، ئومێدەوارین بەهۆى ئەم رێککەوتنەوە ئەمساڵ ساڵى بەرەکەت و ئارامى بێت بۆ ئەم ناوچەیە" لاهور شێخ جەنگى وایوت.