گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەی بۆچی کەشوهەوا گەرم دەبێت؟

سبەی یەکەم ڕۆژی هاوین دەستپێدەکات و خۆر لە زەوی دووردەکەوێتەوە

2021.06.20 - 09:57
App store icon Play store icon Play store icon
سبەی یەکەم ڕۆژی هاوین دەستپێدەکات و خۆر لە زەوی دووردەکەوێتەوە

ناس کورد-

بەپێی پێوانە فەلەكییەكان، سبەی دووشەممە، 21 ی حوزەیرانی 2021 كاتژمێر 06:32ی ئێوارە بە كاتی هەولێر، دەستپێكی وەرزی هاوینە لەنیوەگۆی باكووری زەوی، لەو ڕۆژەدا خۆر تا ماوەیەکی دیاری کراو لە زەوی دووردەکەوێتەوە، بەڵام پلەکانی گەرمی بەرزدەبنەوە، لەوانەیە بپرسیت بۆچی؟، شارەزایەکی کورد ئەو وەڵامە دەداتەوە.    

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەژی چەتۆ، بەرپرسی ڕاگەیاندنی کەشناسیی هەرێم (یەکشەممە 20ی حوزەیرانی 2021) دەڵێت، "لە یەکەم ڕۆژی هاویندا ماوەی رۆژ لە هەرێمی كوردستاندا درێژ دەبێتەوە بۆ نزیكەی 14 كاتژمێر و 28 خولەك، شەویش كورت دەبێتەوە بۆ نزیكەی 9 كاتژمێر و 23 خولەك."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەو رۆژەدا ماوەی نێوان زەوی و خۆر زۆرە نەوەك كەم و دووری نێوان زەوی و خۆر هەر بەرەو زیادبوون دەچێت تا دەگاتە (دوورترین خاڵ) كە بە (Aphelion) ناسراوەو ئەمەش لە رۆژی 2021.7.6 دەبێت و ئەوكاتە ماوەی نێوان زەوی و خۆر دەگاتە 152 ملیۆن و 100 هەزارو 527 كیلۆمەتر."

 

"هۆكاری گەرمداهاتنی نیوەگۆی باكووری زەوی سەرەڕای دووركەوتنەوەی لەخۆردا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كەوا ئاستی خولانەوەی تەوەری زەوی بە رێژەی 23.5 پلە لارە لەسەر خولگەكەی بە دەوری خۆر و كشانی تیشكی خۆر لە (هێڵی كەمەرەیی) زەوی بۆ خولگەی (قڕژاڵ) لە پلەی 23.5 بەرەو باكوور و ستوونبوونی وادەكات پلەكانی گەرما لە نیوە گۆی باكوور زیاتر بێت، چونكە ماوەی مانەوەی خۆر لە ئاسماندا دوورودرێژتر دەبێت و بەمەش ئاستی وەرگرتنی رووی زەوی بۆ تیشكی خۆر زیاتر دەبێ و پلەی گەرمی بەرز دەبێتەوە. "، ئەژی چەتۆ وا دەڵێت.

 

باسی لەوەشکردووە، "لە هەمان كاتدا، هەرچەندە بەرەو ناوچەكانی باكووری زەوی بڕۆین ئەوا ماوەی رۆژ درێژتر دەبێتەوە، بۆ نموونە ئەگەر لە وڵاتانی دەوروبەری (دەریای ناوەڕاست) ماوەی رۆژ لە سنووری 15 كاتژمێر بێت، ئەوا لە وڵاتانی دەوروبەری دەریای (بەلتیك) دەگاتە 18 كاتژمێرو هەرچی وڵات هەیە لەنێو بازنەی پانی 55 پلەی باكووردا بن، ئەوا لەنێو دیاردەی ناسراو بە (شەوانی سپی) دا دەژین، چونكە دوای ئاوابوونیشی، خۆر بە تەواوی لە ئاسۆدا ون نابێت و شەفەقی سووری دوای ئاوابوون دەمێنێتەوەو لە رۆژئاواوە بەرەو باكوور ئینجا بەرەو رۆژهەڵاتەوە دەخزێ‌ و جارێكی دیكە خۆر دووبارە هەڵدێتەوە."

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەو وڵاتانەی دەكەونە نێو بازنەی 66.5 پلەی باكوور، وەك وڵاتانی (ئیسكەندەناڤیاو ناوچەكانی باكووری رووسیاو كەنەداو ئەلاسكا) ئەوا خۆر لە ئاسۆیاندا ئاوا نابێت، بەڵكو لەگەڵ نزیك كەوتنەوەی لە ئاوابوونیدا، دیسكی خۆر لە ئاسۆی رۆژئاواوە دەڕوات بەرەو باكوورو پاشان بۆ رۆژهەڵات و لەوێوە جارێكی دیكە بەرز دەبێتەوە ئاسمان، بۆیە، خۆر بەبەردەوامی و بۆماوەی نزیكەی 6 مانگ لەناوچەكانی جەمسەری بەستووی باكووردا ئاوا نابێت."

 

بەوتەی ئەژی چەتۆ، "لە هەمان رۆژ، بەڵام لە نیوەگۆی باشووری زەویدا، حاڵەتەكە بە تەواوی پێچەوانەیە، چونكە تیشكی خۆر سەردەكەوێت لە (خولگەی كاوڕ) بۆ (هێڵی كەمەری زەوی)، بەمەش بڕێكی كەمتر لە تیشكی خۆر بەبەر نیوەگۆی باشووری زەوی دەكەوێت، بۆیە لەنیوە گۆی باشوور ئەمە دەبێتە (هەڵگەڕانەوەی زستانە) (Winter Solstice) واتە دەستپێكی زستانە لەو ناوچانەو لە هەمان كاتیشدا، تیشكی خۆر بۆ ماوەی شەش مانگ لە ئاسمانی (كیشوەری بەستووی باشوور ) (ANTARCTICA ) نابینرێت و دەبێتە شەوێكی شەش مانگیی دوورو درێژی بەردەوام."