ناس کورد-
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، سەرکۆنەی هەڵبژاردنی ئیبراهیم رەئیسی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئێران دەکات و ڕایگەیاند، لەبری ئەوەی پەلکێش بکرێت بۆ لێپێچینەوە لەسەر ئەو تاوانانەی دژ بەمرۆڤایەتی ئەنجامیداوە، خەڵاتکراوە و بووە بەسەرۆکی وڵات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
رێکخراوەکە کە بارەگاکەی لەشاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە، لەڕاگەیەندراوێکدا ( 19ی حوزەیرانی 2021)هێرشی توندی کردەسەر ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران و ڕایگەیاند، "دەبێت ڕەئیسی بخرێتە ژێر لێکۆڵینەوە بەهۆی ئەو هەموو تاوانانەی کە ئەنجامیداوە دژبە مرۆڤایەتی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەئێران".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "گەیشتنی ڕەئیسی بەپۆستی سەرۆکایەتی ئێران لەبری ئەوەی لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت بەرانبەر ئەو تاوانانەی کە ئەنجامیداوە کە بریتین لە کوشتن، دیارنەمانی زۆرەملێ و ئەشکەنجەدان، ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە کە دەربازبوون لەسزا زۆر ئاسانە و یەکێکە لەسیما ناشرینەکانی ئەو وڵاتە".
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە، ڕەئیسی تۆمەتبارکردووە بەوەی کە لەساڵی 1988دا ئەندامی لیژنەی "مردن" بووە و هەزاران هاووڵاتیی ئێرانی لەڕێگەی ئەو لیژنەیەوە دووچاری چارەنووسێکی ڕەش و مەترسیدار کردووەتەوە و چەندین کەس رووبەرووی مردن و دیارنەمانی زۆرەملێ بوون، کە تائێستا حکومەتی ئێران ئامادەنییە ژمارەی ڕاستەقینەوە و شوێنی ناشتنی تەرمی قوربانییەکان ئاشکرا بکات.
هاوکات ڕێکخراوەکە لەڕاگەیەندراوەکەدا، ڕەئیسی بەوەش تۆمەتبارکردووە کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا سەدان کەسی لە ئۆپۆزسیۆن و بەرگریکارانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە دووچاری کوشتن و زیندانیکردن کردووەتەوە کاتێک سەرۆکی دەسەڵاتی دادەوەری ئێران بووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، "ڕەئیسی بەرپرسیارە لەزیندانی کردنی سەدان کەس لەخۆپیشاندەران و دیارنەمانی سەدان کەسی دیکەش بەتۆمەتی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2019".
ڕێکخراوەکە داواشی لەئەندامانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەربە نەتەوەیکگرتووەکان کردووە، "ڕێکاری خێرا و پێویست بگرنەبەر دژ بەو کەسانەی کە بەشێوەیەکی بەرنامەدارێژراو لەئێران لە سزدان دەربازیان دەبێت".