گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕەئیسی گلەیی لە هەرێم کردووە

ئیبراهیم ڕەئیسی چەند مانگێک لەمەوبەر لایەنە کوردییەکانی لە بەغدا بینیوە

2021.06.19 - 18:00
App store icon Play store icon Play store icon
 ئیبراهیم ڕەئیسی چەند مانگێک لەمەوبەر لایەنە کوردییەکانی لە بەغدا بینیوە

ناس کورد-

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، ئاشکرای کرد، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران، چەند مانگێک لەمەوبەر لایەنە کوردییەکانی لە بەغدا بینیوە و چەند ڕاسپاردەیەکی پێداون، دەشڵێت، ئێران دژی دانانی دەستور نییە بۆ هەرێم، بەو مەرجەی پێچەوانەی دەستوری عێراق نەبێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران (شەممە 19ی حوزەیرانی 2021) بە "دەنگی ئەمەریکا"ی ڕاگەیاند، " ئیبراهیم ڕەئیسی کاتێک سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران بوو، لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی بینیوە و هەندێک ڕاسپاردە و ئامۆژگاری پێداون."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ڕاسپاردەکان پەیوەندیان بە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانەکانی ئێرانەوە هەبووە، هەروەها شاندە کوردیەکەی بەسەرۆکایەتی هۆشیار زێباری لەگلەییەکانی ئێران ئاگادارکردووەتەوە، لەوەی کۆمەڵێک خەڵک لەدادگای ئێران داواکراون و هەڵدێن بۆ عێراق و هەرێم و جێگیردەبن، پێویستە هاوکاری هەبێت تا کەسانی تاوانبار نەتوانن هەرێم بکەنە پەناگەی خۆیان."

 

بەوتەی نازم دەباغ، "ڕەئیسی ورد و درشتی کێشەکانی هەرێم و عێراق ئاگادارە، هەڵبژاردنی کارناکاتە سەر گۆڕینی سیاسەتی ئێران بەرامبەر عێراق و هەرێم، چونکە پەیوەندی ئێران لەگەڵ کورد، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە."

 

ڕوونیشیکردووەتەوە، "ئێران پلان و ستراتیژی خۆی هەیە، کە لەشورای باڵای ئەمنییەتی وڵاتەوە دەرەچێت،ئەو ئەنجومەنە پێکهاتەیەکی ئاسایشی و ئەمنی هەیە و نوێنەرایەتی هەموو دەزگاکانی تێدایە، ئەنجومەنەکە بەرنامەی دەرەکی و ئاسایشی دادەڕێژێت و حکومەت جێبەجێی دەکات، بۆیە گۆڕینی سەرۆک زۆر کاریگەری نابێت."

 

دەربارەی ڕای ئێران لەسەر هەوڵی لایەنە کوردیەکان بۆ دانانی دەستورێک بۆ هەرێمی کوردستان، نوێنەری هەرێم لە ئێران ئاماژەی بەوەکردووە، "ڕای تایبەتی ئێرانم لانییە، بەڵام تێگەیشتنی خۆم وایە، ئێران لەگەڵ ئەوەدایە، هەرێم وەکو بەشێک لەعێراق، دەستورەکەی پێچەوانەی بنەماکانی دەستوری عێراق نەبێت."

 

دەربارەی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمەریکا و کاریگەری لەسەر ئاسایشی عێراق و هەرێم، دەباغ باسی لەوەکردووە، "ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمەریکا گەر سەربگرێ، دەبێتە هۆی سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە، پێچەوانەکەشی ڕاستە، ئەوەی ئێستاش بەدی دەکرێت، نییەتی ڕێککەوتن زیاترە، ئێران جەخت دەکاتەوە هیچ لایەنێک لەجیاتی ئەو شەڕ نەکات."