گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاگەیەنراوێک لە وەزارەتی تەندروستییەوە لەبارەى نەخۆشخانەی هیوا

2021.06.19 - 11:44
App store icon Play store icon Play store icon
ڕاگەیەنراوێک لە وەزارەتی تەندروستییەوە لەبارەى نەخۆشخانەی هیوا

ناس کورد-

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕەتی دەکاتەوە نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی دابخرێت یاخود بفرۆشرێت و بدرێتە کەرتی تایبەت و جەختی دەکاتەوە کە "کێشە و کەموکورتی و پێداویستیەکیان چارەسەر دەکرێت."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە کۆپییەکی دەستی "ناس کورد" کەوتووە (19ی حوزەیرانی 2021) دەڵێت، "سەبارەت بەو هەواڵ و پڕوپاگەندانەی لەمڕۆژانەدا بڵاوبوونەتەوە کە گوایە نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی دادەخرێت یان فرۆشراوە و دەدرێت بە كەرتی تایبەت، کە بەداخەوە بووەتە هۆی دەستکردن بە چەواشەکاری و موزایەدەکردن."

 

دەشڵێت، "ئەم دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە چونکە هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە ڕاستی، بەڵكو بەپێچەوانەوە لە نەخۆشخانەی هیوا و هەموو نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان، تەواوی خزمەتکردنی نەخۆش بەخۆڕاییە و لەڕوانگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی ئەم نەخۆشخانانە هەردەم جێگای بایەخ و گرنگیپێدان بوونە و تەواوی پاڵپشتی و ئاسانكاریان بۆ دەكرێت و چەندین پڕۆژەی دروستکردن و فراوانکردن و دابینکردنی ئامێر و پێداوستییەکان لە بواری جێبەجێکردندان، ئەمە وێڕای دابینکردنی دەرمان و چارەسەری تیشکیی و نەشتەرگەری و خزمەتگوزاریە جۆراوجۆرەکان کە تێچوویان مانگانە چەندین ملیار دینارە."

جەختی کردووەتەوە کە "بەداخەوە چەندین کەس و لایەن دەستیان بە موزایەدەکردن کردووە، لەهەمانکاتدا هاووڵاتیان و پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا و هەموو سەنتەرەکانی دیکەی شێرپەنجە دڵنیادەکەینەوە کە بە پاڵپشتی سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران و هەماهەنگی وەزارەتی دارایی، هەر کێشە و کەموکورتی و پێداویستیەکیان وەکو خەرجکردنی بودجەی (بەدەل عیادە) بەپێی پێویستیان و هاوسەنگی دابەشکردن لەسەر بنەمای یەکسانی و پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی چاکسازی و هەموارکراو چارەسەر دەکرێت، هەروەها هەموو پاڵپشتی و ئاسانکاریەک دەکەین بۆ کۆمپانیاکانی دابینکەر بۆ وەرگرتنی شایستەکانیان لە وەزارەتی دارایی لەپێناو بەردەوامبوونی دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان."

 

هاوکات یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ڕەتیکردەوە هیچ هەوڵێک هەبێت بۆ داخستنی نەخۆشخانەکە یاخود پێدانی بە کەرتی تایبەت و دەڵێت، "ئومێد دەکەین لەم هەفتەیەدا بەشێکی باش لە کێشەکان چارەسەر بکرێت."  

 

یاد نەقشبەندى کە هاوکات وتەبێژی تەندروستیی سلێمانیشە ئەمڕۆ شەممە  (19ى حوزەیرانى 2021)  لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ "ناس کورد " ڕاگەیاند، "دەنگۆى داخستنى نەخۆشخانەى هیوا دوورە لەڕاستیەوە و لەئێستادا کارمەندان و پزیشکان گەڕاونەتەوە و سەرقاڵى چارەسەرکردنى کێشەى لەبرى نۆرینگەین  و هەفتەى ئایندە ئەوەش چارە دەبێت و ئەوەى دەمێنیتەوە چارەسەرکردنى کێشەى دەرمانە".  

  

وتیشى، "هەر کەسایەتى و لایەن و کۆمپانیایەک هەوڵى داخستنى ئەو نەخۆشخانەیە بدات ئێمە لێرەوە ئاشکراى دەکەین و ڕێگرى لەهەموو هەوڵێکیش دەکەین و تا ئێستاش هیچ هەوڵێک بۆ ئەوە نەدراوە".  

  

لەبارەى بەڵێنەکانیشەوە، نەقشبەندى وتى، "ئاواتەخوازم  ناوەڕاستى ئەم هەفتەیە بەشێک لە کێشەکان بەتایبەتى کێشەى موچەى پزیشکەکان و کارمەندان چارەسەر بکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش سەردانى هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانمان کردووە و ئەوانیش پەرۆشى چارەسەرکردنن".  

  

باسى لەوەشکرد، گەڕانەوەى پزیشکان و کارمەندان بۆ دەوامەکەى خۆیان لەسەر بنەماى خەمخۆرى و مرۆڤدۆستیان بووە ئەگینا هێشتا پارەى لەبرى نۆڕینگەیان بۆ خەج نەکراوە.  

  

لەبارەى کردنى نەخۆشخانەکە بە کەرتى تایبەت، یاد نەقشبەندى جەختى لەسەر ئەوە کردەوە "هەوڵى لەو جۆرە نییە و تەنها گرفت هەبووە کە دەبێت چارەسەر بکرێت."