ناس کورد-
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، بەڵێن دەدەن نەهێڵن توشبووانی شێرپەنجە بێ هیوا بن و هیوایان بۆ دەگەڕێننەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا و هاوکات وتەبێژی تەندروستیی سلێمانی لە پەیامێکدا (هەینی 18ی حوزەیرانی 2021) ڕایگەیاند، "نەخۆشخانەی هیوا هەمیشە موڵکی هەمووانە، هیوا دەگەڕێنینەوە بۆ بێ هیواکان."
ئاماژەی بەوەشکردووە، " بەڵێن دەدەین نەهێڵین توشبووانی شێرپەنجە بێ هیوا بن، هەمیشە لە خزمەت هیواین بەبێ جیاوازی."
ئەوەش لەکاتێکدایە، بەهۆی کەمکردنەوەی بودجەی نەخۆشخانەی هیوا و تەمویلی کارمەندان و پزیشکانی نەخۆشخانەکە لەماوەی ڕابردوو بایکۆتی دەوامیان ڕاگەیاند.
بەرپرسی نەخۆشخانەکە و تەنانەت بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانیش گومان لەوەدەکەن کە دەستێک لە پشت ئەو کارەوەیە و هەوڵێک هەیە بۆ داخستنی نەخۆشخانەی هیوا، ئەوەش بەمەبەستی پەیداکردنی بازاڕ بۆ نەخۆشخانەک تایبەتەکان.
هەر لەو چوارچێوەیەدا لەئێستادا ڕۆژانە هاووڵاتیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دژی داخستنی نەخۆشخانەکە پۆست و هاشتاگ بڵاودەکەنەوە و داوا دەکەن، ڕێگە نەدرێت نەخۆشخانەکە دابخرێت.