گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

هۆکارى ڕوداوە دڵتەزێنەکانى هەرێم چین؟

کەمتر لە مانگێکە چەندین ڕوداوى دڵتەزێن مانشێتى میدیاکانى هەرێمیان داگیرکردووە

2019.06.17 - 22:53
App store icon Play store icon Play store icon
کەمتر لە مانگێکە چەندین ڕوداوى دڵتەزێن مانشێتى میدیاکانى هەرێمیان داگیرکردووە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- شەهرام عەزیز لەماوەی ڕابردوودا چەندین ڕووداوی نەخوازراوی وەک کوشتنی دایک و باوک لەلایەن کوڕەکانیانەوە، یاخود کوشتنی کەسێک لەسەر پێکدادانێکی ئۆتۆمبێل، یان کوشتنی هاوسەر، لە هەرێم ڕوویانداوە، بەشێوەیەک ڕۆژانە مانشێتى میدیاکان ڕوداوێکى نەخوازراوى تێدایە. . لەبارەى هۆکارى ئەو ڕوداوانە لە هەرێمى کوردستان، توێژەرانى کۆمەڵایەتى پێیان وایە سیستمى پەوەردە لە هەرێم لاوازە، بەرپرسێکى ئەمنیش دەڵێت، دەبێت بەسەربازیکردنى زۆرە ملێ لە هەرێم جێبەجێ بکرێت بۆ کەمکردنەوەى ئەو ڕوداوانە. . کەریم شەریف قەرەچەتانی، توێژەری کۆمەڵایەتی پێیوایە سیستمی پەروەردە لە هەرێم زۆر لاوازە و کۆمەڵگە بەرەو هەڵوەشان چووە، ئەو بە ناس کوردی ڕاگەیاند: " ڕاستە قەیرانی دارایی بەشێکە لە هۆکاری ئەو ڕووداوانە، بەڵام گەورەترین هۆکار ئەوەیە کە ئاستی سیستمی پەروەردە گەیشتووەتە ئاستێک  کە دەتوانین بڵێین پەروەردەمان نییە و ئەو کەرتە لە حاڵێکی زۆر خراپدایە". . ئەو تویژەرە کۆمەڵایەتییە وتیشی، هۆکارێکی دیکە کە سەرجەم هۆکارەکان پەیوەستە بەوەوە حکومەت و حزبەکانن، چونکە تائێستا لە هەرێم هێزێکی چەکداری نیشتیمانی بوونی نییە، هەر بەرپرسێک دەبینی لیوایەک چەکداری هەیە و کۆمەڵێک خەڵک شوێنی کەوتوون و هەڕەشە لە خەڵک دەکەن، ئەمە وادەکات دیاردەی چەکداری و توندوتیژی بڵاوببێتەوە. . هاوکات باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا ڕووداوەکان زۆربوون و لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاوە هەموو ڕووداوێک دەبیسترێت و دەبینرێت و ئەوەش لاسایی کردنەوە دروست دەکات. . لەلایەکى دیکەوە، عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "کاتێک گەنجەکان خویندن تەواو دەکەن و بێکارن و وەک پێشینان دەڵێن، بێکاری سەری لە کێشەوە دەردەچێت، ئەو ڕووداوانەشی ڕوودەدەن زۆرینەی نەخوازراو و کتوپڕن، واتە پلان بۆ داڕێژراو نین و پەیوەندی بە دەزگا ئەمنییەکانەوە نییە". . بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر پێیوایە باشترین چارەسەر بۆ ئەو دۆخە ئەوەیە، حکومەت سیستمی سەربازیکردنی زۆرەملێ جێبەجێبکات و کەسێک کاتێک زانکۆ تەواو دەکات، ڕاستەوخۆ ساڵێک بۆ دوو ساڵ خزمەتی سەربازی بکات، پاش تەواوکردنی ئەو خزمەتە کەسێکی دیکەی لێدەردەچێت، جیاواز لەو کەسەی ڕابردوو. .   هەروەها کەریم شەریف قەرەچەتانی ئاماژە بەوە دەکات، چارەسەرکردنی ئەو دۆخە، بە چاوخشاندنەوە بە سیستمی پەروەردەدا دەبێت لە خێزانەکانەوە تا قوتابخانە و مزگەوتەکان. . پێشیوایە میدیا دەتوانێت کاری باش بکات لە پەروەردەکردندا و دەڵێت، بەڵام بەپێچەوانەوە لێرە بووەتە بەشێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی ئەو ڕووداوە نەخوازراوانە، لەڕێگەی ئەو زنجیرە دراما و فیلم و بەرنامانەی پێشکەشی دەکات. . پانۆراماى ئەو تاوانانەى کە لاى خەڵکى بە نەخوازراو وەسفکراون: ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو 11ی حوزەیرانی 2019  لە قەزای ڕەواندوز تەرمی ژنێکی تەمەن 65 ساڵ لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە، دواتر دەرکەوت کە لەلایەن کوڕەکەی خۆیەوە کوژراوە. . هەروەها، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو 13ی حوزەیران لە ناحیەی لەیلانی سەر بە پارێزگای کەرکوک لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، پیاوێک لەلایەن کوڕەکەیەوە دەستڕێژی گولەی لێکراو و کوژرا. . هاوکات، هەر شەوی پێنجشەممە لە قەزای پشدەر لەسەر کێشەی زەوی و زار کەسێک دەستڕێژی گولەی لە ماڵی مامی خۆی کرد و لە ئەنجامدا کچێکی ئامۆزای خۆی کوشت. . ئەمە جگە لەوەی هەفتەی پێشووتر و لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا، کچێکی تەمەن 10 ساڵ بەناوی دلین ڕفێندرا و پاش سێ ڕۆژ تەرمەکەی دۆزرایەوە، دواتر دەرکەوت کە دراوسێیەکی خۆیان مەبەستی دەستدرێژیکردنەسەری ڕفاندوویەتی، بەڵام بەهۆی قیژە و هاواری منداڵەکەوە پێش ئەوەی دەستدرێژی بکاتەسەری کوشتبووی. . .