ناس کورد-
لەپاش ڕاگەیاندنی ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر ڕەوانەكردنی 200 ملیار دیناری مانگانە وەك سولفە بۆ هەرێمی كوردستان، پرسی هەڵوەشانەوەی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران تێكەڵ بە لێكدانەوەی ژمێریاری و كێبەركێی سیاسی و هەڵمەتی پێشوەختەی هەڵبژاردن بووە لەناوەندە سیاسی و حكومی و پەرلەمانییەكانی سەر بەهەردوو هێزە حوكمڕانەكەی كوردستان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
یەكێتی نیشتمانی كە هاوپەیمان و پێكهێنەری سەرەكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمە، لە زاری یەكێك لە هاوسەرۆكەكانییەوە؛ لاهور شێخ جەنگی دوای راگرتنی لێبڕینی مووچە دەكات، بەدوای ئەویشدا پەرلەمانتارانی یەكێتی لە بەغدا و لەكوردستان ئەم بابەتەیان كردووە بە داواكاری سەرەكی خۆیان بەوپێیەی "بیانووی لێبڕین كۆتاییهاتووە"، بەڵام هێشتا تیمی یەكێتی لە ئەنجومەنی وەزیران لەوبارەیەوە هیچ لێدوان و قسەیەكیان نییە.
میدیای یەكێتی و رۆژنامەی زمانحاڵی ئەو حیزبە (كوردستانی نوێ) باس لەوە دەكەن، بەپێی سیستمی بایۆمەتری ملیۆنێك و 251 هەزار و 451 مووچەخۆر لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، بۆ پێدانی مووچەش بێ لێبڕین، حكومەت مانگانە 894 ملیار دیناری پێویستە، لەم سۆنگەیەشەوە "ئەگەر ئاستەنگ بۆ بڕیاری ناردنی 200 ملیارەكە دروست نەكرێت، ئەوا بیانووی لێبڕینی مووچەش لەلایەن كابینەی حكومەتەوە نامێنێت"، بەڵام هەر بەرپرسانی ئەم حیزبە لەوانەش سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، زیا جەبار باسی لەوەكردووە لەو 200 ملیارەی بڕیارە بەغدا بیداتە هەرێم 20 ملیاری مانگانەی بۆ بژاردنی قەرزی بانگی بازرگانی عێراق دەڕوات و 180 ملیار دیناری دەمێنێتەوە.
هەرچی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە كە سەرۆكایەتی كابینەی نۆیەم دەكات، لە رێگەی سەرۆكی تیمی وەزاری خۆیەوە لە كابینەی نۆیەم، پشتیوان سادق، ئەوەی ئاشكراكردووە، تەنها فەرمانبەران مافیان لەسەر حكومەت نییە، بەڵكو خەڵكانی دانەمەزرا و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان و دۆزینەوەی هەلی كاریش خەرجییان پێویستە، ئەمەش دەكرێت وەك ئاماژەیەك لێكبدرێتەوە لەسەر ئەوەی مەرج نییە 200 ملیارەكەی بەغدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی لێبڕینی 21% موچە تەرخان بكرێت وەك ئەوەی ڕای گشتی و یەكێتی و هەندێ لایەنیتری سیاسی ئۆپۆزسیۆن لە ئێستادا داوای دەكەن.
لەلایەكیترەوە ڕێباز حەملان كە یاریدەدەری ئابووری و دارایی سەرۆكی حكومەتە، زانیارییەكی ئاشكراكردووە، كە بۆ مووچەی مانگی ڕابردوو حكومەت 35 ملیۆن دۆلار قەرزی كردووە بەهۆی كورتهێنانەوە، ئەمەش زیاتر دەچێتەخانەی بێهیواكردنی فەرمانبەران لە چاوەڕوانی گێڕانەوەی مووچەكانیان بۆ دۆخی جارانی خۆی بەهۆی 200 ملیارەكەی بەغداوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی "ناس كورد" لە ئێستادا دۆسیەی لێبڕینی 21% ی مووچە، بووەتە بابەتێكی بانگەشەی هەڵبژاردن و كێبەركێی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، چونكە هێشتا ڕوون نییە ئەو 200 ملیارە سولفەیەی لەبەغداوە دێت لە كۆتاییدا دەبێتەهۆی زیادكردنی داهاتی هەرێم یان نا لە پاكتاوی كۆتاییدا، هەروەها دۆسیەی چاكسازی و زیادكردنی داهات و كەمكردنەوەی خەرجییەكانیش هێشتا هەر نیوەچڵە و دەرنەكەوتووە چەندە داهات بۆ حكومەتی هەرێم دەگێڕێتەوە.
جەهانگیر گوڵپی كە شارەزای داراییە و مامۆستای زانكۆیە، لە شیكارێكدا كە وێنەی لای "ناس كورد" هەیە باس لەوە دەكات، ئەو پارەیەی بەغدا هەرچەندە هەنگاوێكی ئەرێنی و باشە، بەڵام مەرج نییە ببێتەهۆی باشكردنی باری دارایی هەرێم، بەتایبەت كە نرخی بەرمیلێك نەوت نزیكی 75 دۆلارە و حكومەتی هەرێم دەبێت بەنرخی سۆمۆ پارەی نەوت بدات بە حكومەتی فیدراڵی لەكاتێكدا خۆی بەكەمتر ئەیفرۆشیتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ناس كورد، هەرێمی كوردستان كە لە مادەی 11 بودجەی فیدراڵیدا پابەند كراوە بە رادەستكردنی بەهای نەوت بەنرخی سۆمۆ لە بازاڕەكانی جیهان، خۆی دەوروبەری 10 دۆلار كەمتر بۆ هەر بەرمیلێك نەوت دەفرۆشێت و لەكاتی رادەستكردنی نرخدا دەبێت ئەم جیاوازییە پڕ بكاتەوە.
هەندێكیتر لەو چاودێرانەی لەمبارەیەوە قسەیان بۆ "ناس كرد" باس لەوە دەكەن لەئیستادا پرسی بودجە و موچە و لێبڕین لە بەغداوە تا هەرێم بووەتە پرسێكی هەڵبژاردنی پێشوەختەو تێكەڵ بەبانگەشەكان بووە و ملكەچی لۆژیك و شیكاری دارایی و ئابووری نییە، هەر بەم هۆیەشەوە بەڕووی هەموو ئەگەرێكدا كراوەیە تا ئەوكاتەی دەگەینە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ئۆكتۆبەری 2021.