ناس کورد-
فەرمانگەى تۆمارکردنى خانوبەرەى سلێمانى ڕایدەگەیەنێت، ئاسانکارى بۆ ئەو هاوڵاتیە عەرەبانە دەکەن کە دەیانەوێت موڵک لەناوچەکە بکڕن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لوقمان عومەر بەڕێوەبەرى فەرمانگەى تۆمارکردنى خانووبەرە لەسلێمانى (17ى حوزەیرانى 2021) لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى هەواڵى عێراق ڕایگەیاند، هەموو هاوڵاتیەک ئازادە لەوەى موڵکى لە هەرێمى کوردستان هەبێت و هیچ کێشەیەکیش لەوەدا نیە و ئەو بەڵگانەشى کە پێویستن بۆ تەواوکردنى مامەڵەى ئەو کارە ناسنامەى بارى کەسێتى یاخود کارتى نیشتیمانیە.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، هەزاران هاوڵاتى عەرەب زەوی و خانوویان کڕیووە و بەناوى خۆشیانەوە بێ هیچ بەربەستێک تۆمار کراوە و هەروەها هەموو جۆرە ئاسانکاریەکیشیان بۆ دەکرێت.
عومەر باسى لەوەش کردووە، هیچ ڕێگریەک نیە لەوەى هەر هاوڵاتیەکى عێراقى ببێتە خاوەنى زەوى کشتوکاڵى لەسەرجەم پارێزگاکانى هەرێمدا، بەڵام هەندێک وردبینى و ڕەزامەندى ئاسایى دەکرێت بۆ هەر مامەڵەیەکى کڕینى زەوى کشتوکاڵى ئەوەش بۆ ئەوەى بزانرێت تاچەندە پەیوەندى بەچەکدارانى داعشەوە هەیە.
ئەوەشى خستووەتە ڕوو، ڕێوشوێنە ئەمنیەکان بۆ ئەو کارە بەسەر هەموو هاوڵاتیانى عەرەب و کورد و هەر نەتەوەیەکى تریشدا دەکرێت.
ئەو بەرپرسەى تاپۆى سلێمانى جەختى لەسەر ئەوەش کردووەتەوە، هەماهەنگیەکى باشیان لەگەڵ فەرمانگەى تاپۆى سەرجەم پارێزگاکانى ترى عێراقدا هەیە ئەوە سەربارى ئەو لایەنە یاساییانەى کە تایبەتن بە قەدەغە خستنە سەر موڵک و ماڵ لەهەرێم و هەروەها لەڕێگەى نوێنەرى هەرێم لەبەغدا و لیژنە هەماهەنگارییەکانەوە وەڵامى نوسراوەکانیان دەدرێتەوە.