گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

30 ملیۆن بوتڵى پلاستیک هێندراوەتە هەرێم

پلاستیک هەڕەشە لە داهاتوى هەرێم دەکات [تایبەت]

2019.06.17 - 20:35
پلاستیک هەڕەشە لە داهاتوى هەرێم دەکات [تایبەت]
ناس کورد- پشتیوان جەلال لەنێو وڵاتانى جیهان لەپاڵ قەدەغەکردنى بابەتە پلاستیکییەکان بۆ پاراستنى ژینگە، کەنەدا و یەکێتى ئەوروپا بە فەرمى ڕایانگەیاند، تا ساڵى 2021 بەتەواوى بەکارهێنانى ئەو پلاستیکانە قەدەغە دەکەن کە بۆ یەکجار بەکاردەهێندرێن و فڕێدەدرێن. . لە هەرێمى کوردستان، تا دێت بەکارهێنانى بابەتى پلاستیکى زیاد دەبێت و ژینگەپارێزانى هەرێمیش دەڵێن، هەمو کون و کەلەبەرێکى هەرێم پڕبوون لە پلاستیک، کە هەڕەشە لە داهاتووى هەرێم دەکات. . .بوتڵى پلاستیک هەڕەشە لە داهاتووى هەرێمى کوردستان دەکات لە زۆربەى شەقامەکانى هەرێمى کوردستان، چەندین بوتڵى پلاستیک دەبیندرێت کە فڕێدراونەتە سەر زەوى، بۆیە بەردەوام ژینگەپارێزان ئەوەیان بە مەترسی گەورە بۆسەر ژیانى هاوڵاتیان و ژینگەى هەرێم زانیوە. . ئامارەکانى دەستەى ژینگەى هەرێم، هۆشدارى چالاکوانانى هەرێم لەبارەى مەترسییەکانى پلاستیک پشتڕاست دەکەنەوە، هەندرێن شێخ ڕاغب وتەبێژى دەستەى پاراستن و پاککردنى ژینگە، تایبەت بە ناس کوردى ڕاگەیاند: "لە ساڵى ڕابردووەوە پرۆژەى تایبەتمان لەسەر بوتڵى پلاستیک داوەتە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم بەڵام تا ئێستا وەڵامنەدراوینەتەوە، ئێمە واز لەو پرۆژەیە ناهێنین تا نەیگەیەنینە بەرهەم، چونکە دەبێت سنورێک بۆ بوتڵى پلاستیک دابندرێت". . [caption id="attachment_96358" align="alignnone" width="865"] .[/caption] لەبارەى ژمارەى ئەو بوتڵە پلاستیکییانەى ئاو کە لە هەرێم بەکارهاتوون، هەندرێن شێخ غالب وتى: "بەپێى ئەو ئامارانەى لامانە لەوەتەى بوتڵى ئاو لە هەرێم بەرهەمدەهێندرێت، 30 ملیۆن بوتڵى پلاستیک هێندراوەتە هەرێمى کوردستان، واتە 30 ملیۆن بوتڵى پلاستیک تێکەڵى ژینگەى هەرێم بوونە". . نەبیل موسا، چالاکوانى بوارى ژینگە، تایبەت بە ناس کوردى ڕاگەیاند: "پلاستیک یەکێکە لەو مادانەى کە گەورەترین مەترسییان لەسەر ژینگە و مرۆڤیش هەیە، نە لە خاکدا دەتوێنەوە نە لە ئاودا، تەنانەت لە ئاودا ئەبنە مایکرۆپلاستیک و ماسى دەیانخوات و سەرئەنجام لە لەشى مرۆڤدا خۆى دەبینێتەوە". . ئەو چالاکوانە کە زیاتر لە دوو دەیەیە لەناوخۆ و دەرەوەى هەرێم وەک چالاکوانى بوارى ژینگە و ئاوپارێز کار دەکات، ساڵانە چالاکى سەوڵ لێدان لە ئاوى قلیاسان ئەنجامدەدات، ئەو دەلێت، هەرچەندە ئەو چالاکییە مەترسی هەیە، بەڵام دەیەوێت پیشانى خەڵکەى بدات، گەر پلاستیک نەبێت ئەوا ئەکرێت ڕوبار و ئاوەکانى هەرێم چالاکیان تێدا ئەنجامبدرێت، "بەڵام پلاستیک بە جۆرێک ئاوەکانى پیس کردووە بەکەڵکى چالاکیش نەماون". . . ."هەموو کون و کەلەبەرێکى ئەم وڵاتە پڕبوون لە پلاستیک" لەنێو فەرمانگەکانى سەر بە دەستەى ژینگەى هەرێم، سەلەى خۆڵ و خاشاک تایبەت بۆ بوتڵى پلاستیک داندراوە و تێکەڵ بە خۆڵوخاشاکى دیکە ناکرێت، بەڵام وتەبێژى ئەو دەستەیە لەبارەى ئەوەى ئەو پرۆژەیە بۆ لەسەرجەم شارەکانى هەرێم جێبەجێى ناکەن؟ وتى: "ئێمە دەزگایەکى چاودێرین تەنفیزی نین، ئەبێت شارەوانى ئەو بابەتانە جێبەجێبکەن و بیر لەوە بکەنەوە، هیچ نەبێت پلاستیک جیابکرێتەوە بۆ ئەوەى ڕیسایکلین بکرێت". . هەرچەندە دەستەى ژینگەى هەرێم سورن لەسەر سنوردارکردنى بەکارهێنانى پلاستیک بە هەموو جۆرەکانییەوە، بەڵام هەنگاوەکانیان تەنها لە بوارى قەدەغەکردنى کیسی پلاستیک (عەلاگە) خۆى بینیوەتەوە، کە ئەو دەستەیە لەڕێى پرۆژەیەکەوە دەیەوێت تا ساڵى 2024 بەتەواوى بەکارهێنانى کیسى پلاستیک لە هەرێم قەدەغە بکەن. . لەبارەى بوتڵى پلاستیکیش، وتەبێژەکەى دەستەى ژینگە هۆشدارى داو دەڵێت، دەبێت سنور داندرێت بۆ بوتڵى پلاستیک لەبەر ئەوەى بۆتە مەترسییەکى گەورە لەسەر ژینگەى هەرێمى کوردستان، نیگەرانى دەستەکەشیانى خستەڕوو لەبارەى بوونى ئەو بوتڵە زۆرەى پلاستیک لە هەرێم. . نەبیل موسا هۆشدارى دا لە بوونى پلاستیکێکى زۆر لە هەرێم و دەڵێت: "پلاستیک ژیانى داگیر کردووین لەناوى نەبەین لەناومان دەبا، کە بەڕاى من مارکێت و مۆڵەکان یەکەم تاوانبارى بڵاوبوونەوەى پلاستیکن، خەڵکیش هۆشیار نین، ئێمە ئەبێت فشار بخەینە سەر ئەو مارکێتانە". . چالاکوانەکەى بوارى ژینگە، بەهۆى ئەوەى شوێنە گەشتیارییەکانى هەرێم دەگەڕێت و لە هەوڵى هۆشیارکردنەوەى هاوڵاتیانە، ئاماژە بەوەدەکات، هەموو کون و کەلەبەرێکى ئەم هەرێمە پربووە لە پلاستیک، "تەنانەت ئەشکەوتى شانەدەر و کونەبا پڕن لە بوتڵى پلاستیک". . "بەڕاستى ئەوە ئەرکى چالاکوانانە حکومەت بجوڵێنن، لە هەموو دونیادا چالاکوان لەبرى حکومەت بیر دەکاتەوە و فشار دروستدەکات، تا کۆنەبینەوە و دروشم بەرزنەکەینەوە و هاوار نەکەین چارەسەر نابێت"، نەبیل موسا واى وت. . . کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى ئاوى خواردنەوە (کانزایی) ڕەچاوى ژینگە دەکەن؟ هێمن زوهێر، بەڕێوەبەرى پلاندانان لە یەکێک لە کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى ئاو لە هەرێمى کوردستان، لە لێدوانێکى تایبەتدا بە ناس کوردى ڕاگەیاند، لە عێراق و لە هەرێمى کوردستان، کۆمپانیاکان تەنها تواناى ئەوەیان هەیە پلاستیک دروست بکەن، تا ئێستا تواناى دروستکردنى شوشەیان نییە، وتیشی: "بۆ زانیاریتان ئێمە بوتڵە پلاستیکەکان کۆدەکەینەوە و ڕیسایکلینى دەکەین دەینێرینەوە بۆ ئێران و تورکیا، بۆ ئەوەى بوتڵەکان جارێکى تر بەکاربهێندرێنەوە". . ئەو کۆمپانیایەى بوارى بەرهەمهێنانى ئاوى خواردنەوە تەنها لە هەرێمى کوردستاندا، ڕۆژانە نزیکەى 50 هەزار کێسى ئاو کە وەک دەرزەن هەژمار دەکرێت، دەخاتە بازاڕەوە. . بەڵام چالاکوانانى بوارى ژینگە هیچ هۆکارێک بە ڕەوا نابینن کە پلاستیک بەرهەم بهێندرێت، بەڵکو داوا دەکەن هاوڵاتیان فشار دروستبکەن بۆ ئەوەى کۆمپانیاکان چیتر پلاستیک بەرهەمنەهێنن. . نەبیل موسا لەبارەى بەرهەمهێنانى بوتڵى پلاستیک لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، وتى: "بەڕاستى کۆمپانیاکان بیر لە بەرژەوەندى گیرفانى خۆیان دەکەنەوە، ئەگەر لە بڵاوکردنەوەى پلاستیک و پیسکردنى ژینگە یەکجار تاوانبار بن، ئەوا ئێمەى هاوڵاتى دووجار تاوانبارین، چونکە بێدەنگین و بە بەرچاومانەوە ئەنجامدەدرێت، گەر 200 کەس کۆببنەوە و بچنە بەردەم کۆمپانیایەک ئەوا ئەو کۆمپانیایەش ئەو کارە ناکات". .   . هەوڵە جیهانییەکان چین بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى پلاستیک؟ حکومەتى کەنەدا و یەکێتى ئەوروپا بە فەرمى ڕوبەڕوبوونەى پلاستیکیان ڕاگەیاند، تا ساڵى 2021 بەتەواوى بەکارهێنانى ئەو بوتڵ و کەرەستە پلاستیکییانە قەدەغە دەکەن کە تەنها بۆ یەکجار بەکاردەهێندرێن و دواتر فڕێ دەدرێن. . جەستن ترۆدۆ، سەرۆکوەزیرانى کەنەدا لەبارەى پلاستیکەوە ڕایگەیاند، کێبڕکێیەکى جیهانى لە ئارادایە بۆ قەدەغەکردنى پلاستیک، کەنەدا هەوڵدەدات هەموو جۆرەکانى پلاستیک قەدەغە بکات بۆ ئەوەى پارێزگارى لە ژینگە بکەن. . ڕێکخراوى جیهانى پاراستنى ژینگە، لە دژى بەکارهێنانى پلاستیک و کاریگەرى بۆسەر ژینگەى زەوى لایڤێکى فەیسبووکى کردووەتەوە، لە لایڤەکەدا بوتڵێکى پلاستیکى ئاو داندراوە لەناو خۆڵدا، ئەو لایڤەش تا ساڵى 2500 بەردەوام دەبێت. . . لەو ڤیدیۆ ڕاستەوخۆیەدا ئەو ڕێکخراوە دەیەوێت ئەوە بسەلمێنێت کە دەبەیەکى پلاستیک چەندە کاتى پێویستە بۆ ئەوەى شی بێتەوە و کارلێکى زەوى بێت، بەوەش دەیەوێت ڕوبەڕوى بەکارهێنانى پلاستیک ببێتەوە. . ئەو ڤیدیۆ ڕاستەوخۆیە لە 10ی ئایارى ئەمساڵەوە لەسەر تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک دەستى بە پەخش کردووە، هەموو ئەوکەسانەش کە دەیانەوێت ژینگە بپارێزن و چیدی زەوی بە پلاستیک پیس نەکرێت دەتوانن لەڕێی ئەو لایڤەوە داوای ئەوە بکەن کە چیتر گۆی زەوی بە پلاستیک پیس نەکرێت. . .