گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

فراکسیۆنێک دژ بە بڕیارى ناردنى پارە بۆ هەرێم هەڵوێستى دەربڕى 

2021.06.16 - 17:42
App store icon Play store icon Play store icon
فراکسیۆنێک دژ بە بڕیارى ناردنى پارە بۆ هەرێم هەڵوێستى دەربڕى 

ناس کورد-

فراکسیۆنێکی شیعە سەرکۆنەی بڕیارەکەی حکومەتی فیدراڵی کرد لەبارەی ناردنی پارە بۆ هەرێم و ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا یەک دیناری لەداهاتەکانی ڕادەستی بەغدا نەکردووە کەئەوەش بۆ خۆی ستەمێکی دیکەیە کە لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوریی عێراق دەکرێت.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عەممار توعمە، سەرۆکی فراکسیۆنی نەهجی نیشتیمانی عێراقی (16ی حوزەیرانی 2021) لە ڕاگەیەندراوێکدا کەوێنەیەکی دەست "ناس کورد" کەوتووە ڕایگەیاند "لە پێنج مانگی ڕابردوودا نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بۆیە داهاتی هەرێم لەفرۆشی نەوت زیادی کردووە، بەڵام پەرلەمان تەنها هەرێمی پابەند کردووە تەنها داهاتی 250 هەزار بەرمیل ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات، لەکاتێکدا هەرێم خۆی دانی بەوەدا ناوە کە 460 هەزار بەرمیل نەوت مانگانە هەناردەی دەرەوە دەکات".

 

دەشڵێت "هەرێم سەرباری ئەوەی ڕێگەی پێدراوە بڕی 210 هەزار بەرمیل بۆ خۆی گلبداتەوە بڕی 12.67 %دا لە بودجەی گشتی عێراقیشی پێ دەدرێت، ئەوەش بۆ خۆی ستەمێکی دیکە لە هاوڵاتیانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوریی عێراق دەکرێت".

 

ئاماژەی بەوەش کردووە "داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێم لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا زیاتر لەشەش تریلیۆن دینار بوو، بەڵام هەرێم یەک دیناری ڕادەستی بەغدا نەکردووە، ناردنی پارە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ هەرێم و بە هەژمارکردنی شەش مانگی ئەمساڵ، بە هەموو شێوەیەک ڕەتدەکەینەوە، چونکە زیان بە بەرژەوەندی گشتی وڵات دەگەیەنێت".

 

توعمە هۆشداری داوە لەتەقینەوەی دۆخی عێراق بەهۆی ناڕەزایەتی خەڵکەوە، چونکە دەستەبژێری عێراق بەردەوامن لەهەڵەکردن و دەڵێت "خاوەن بڕیارەکان لەعێراق، دەبێت بەخۆیاندا بچنەوە تا کار لەکار نەترازاوە".

 

ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق رۆژى سێشەممە 15 ى حوزەیرانى 2021 بڕیاریدا بڕى ترلیۆنێک و 200 ملیار دینار وەک پشکى شەش مانگى رابردووى هەرێم بنێرێت، لەگەڵ ناردنى 200 ملیار دینارى مانگانە.