ناس کورد-
قوباد تاڵەبانى ڕایگەیاند، وەزارەتى دارایی دەستیکردووە بە کردنەوەى هەژمارى بانکى بۆ موچەخۆران بۆ ئەوەى لەمەودوا بەشێوەى ئۆنلاین موچەى فەرمانبەران بخرێتە سەر هەژمارەکانیان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەت لە وتەیەکدا لە پێشانگەی تەکنەلۆژیای هایتێکس لە هەولێر وتى، "لە ماوەیەکى نزیکدا 475 هەزار ژمارەى بێهاوتاى کەسى بەسەر موچەخۆراندا دابەش دەکەین، کە دەبێتە هۆى نەهێشتنى کێشەى بندیوار و سەر دیوار و دوو ناوى و سێ ناوى".
وتیشى، هەروەها وەزارەتى دارایی دەستیکردووە بە کردنەوەى هەژمارى بانکى بۆ موچەخۆران و دواتر پێدانى موچە بە ئۆنلاین دەکرێت و هەژمارى بانکى بۆ موچەخۆران دەکرێتەوە و موچەکانیان دەخرێتە سەر هەژمارى بانکى.
قوباد تاڵەبانى دەڵێت، سیستمى موچە بەپێی لیست و کاغەز بەسەرچووە و کاتێکى زۆرى پێدەچێت، کاردەکەن بۆ ئەوەى پڕۆسەکە بکەنە ئۆنلاین و پێدانى موچە خێرا بکەن.
دەشڵێت، پێشتر نەیاندەزانى کێ موچە لەحکومەت وەردەگرێت و فەوزایەک هەبوو، بەڵام بەهۆى بایۆمەترییەوە ئەوەیان رێکخستەوە.