کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- بزووتنەوەی گۆڕان دۆسیەی کوشتنی پاسەوانە خۆبەخشەکەی حزبەکەی لە سلێمانی، دەباتە پەرلەمان و لیژنەی پەرلەمانی لەسەر پێکدەهێنێت. . شاخەوان ڕەئوف بەگ، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانیان لە دۆسیەی تەقەکردن و کوشتنی پاسەوانە خۆبەخشەکەی سلێمانی ئاگادار کردووەتەوە. . وتیشی"هەفتەی داهاتوو لە کۆبوونەوەی لیژنەی ناوخۆ و پێشمەرگەدا باس لەو دۆسیە دەکرێ و بڕیاری لێوە دەدرێت، چونکە بەوتەی خۆی، پەیوەندی بە ئاسایشی ناوچەکەوە هەیە. . ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە هێشتا گۆڕان سکاڵای لەسەر هیچ کەس و لایەنێک لەسەر ئەو دۆسیەیە تۆمار نەکردووە، بەڵام بە پێویستیزانی، حکومەت و پەرلەمان هەنگاو دژ بەو گروپ و کۆمپانیایانە هەڵگرن کە بەڕۆژی ڕووناک خەڵکی دەکوژن. . شەوی 10ی ئەم مانگە، بزووتنەوەی گۆڕان بەهۆی بوونی مەترسی هێرشکردنە سەریان، سەرقاڵی دروستکردنی پشتێنەیەکی ئەمنی بوون بەچوار دەوری گردی زەرگەتە و ماڵی نەوشیروان مستەفا، بەڵام بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵێی چەند خۆبەخشێکی گۆڕان و پاسەوانەکانی کۆمپانیایەک لەنزیک گردەکە، شەڕە تەقە لەنێوانیان دروستبوو، بەو هۆیەشەوە خۆبەخشێکی گۆڕان کوژرا و چەند کەسێکی تریش بریندار بوون. .