گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پشکی هەرێم

لیژنەى دارایی باسى کاریگەى ناردنى پشکى هەرێم لەسەر لێبڕینى موچە دەکات

2021.06.15 - 23:10
App store icon Play store icon Play store icon
لیژنەى دارایی باسى کاریگەى ناردنى پشکى هەرێم لەسەر لێبڕینى موچە دەکات

ناس کورد-

ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاند، ناردنى پشکى هەرێم لەلایەن بەغداوە بەندە بە "تەسویەکردنی" کۆتایی داتای داھاتە نانەوتییەکانی ھەرێم، بۆ ئەوەش پێویستە هەرێم داتا و زانیاری ڕاست و دروست بداتە بەغدا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەڵێن عەبدوڵا لە ڕاگەیەنراوێکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە (15ی حوزەیرانی 2021) ئاماژەى بەوەکردووە، ناردنى پشکى هەرێم لەلایەن بەغداوە بەندە بە "تەسویەکردنی" کۆتایی داتای داھاتە نانەوتییەکانی ھەرێم لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراقەوە بەهەماهەنگى لەگەڵ چاودێرى دارایی هەرێم.

 

وتیشى، "ئەوەش واتاى ئەوەیە پێویستە دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم لە پێناوی موچەی موچەخۆرانی ھەرێمدا، داتا و زانیاری ڕاست و دروست لەسەر داھاتە نانەوتییەکان بخاتە بەردەست، تا کۆتایی بە نەھامەتی موچەخۆرانی ھەرێم بێ و موچەی تەواو بەبێ لێبڕین دابەش بکرێ، ئەوەش دوای ھاتنی بڕی پارەی پێویست لە بەغداوە.

 

بەڵێن عەبدوڵا دەڵێت، "ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان لە چاودێری و ئاشکراکردنی لایەنی خەتابار لە کۆتایی نەھێنان بە نەھامەتی موچەخۆران درێغی ناکەین".

 

ئەمڕۆ ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا بڕى ترلیۆنێک و 200 ملیار دینار وەک پشکى شەش مانگى رابردووى هەرێم بنێرێت، لەگەڵ ناردنى 200 ملیار دینارى مانگانە.



بڕیارى ناردنى پشکى هەرێم لە بودجەى عێراق لەلایەن مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانەوە خراوەتە بەردەم ئەنجومەنى وەزیران و دەنگى پێویستى بەدەستهێناوە.


بەپێى ئەو زانیارییانەى "ناس کورد" لە سەرچاوەیەکى ئاگادارەوە لە بەغدا دەستیکەوتووە، لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیراندا کازمى بڕیارى ناردنى پشکى هەرێمى خستووەتەڕوو، داوایکردووە بە دەنگدان یەکلایی بکرێتەوە.


وتیشى، کازمى لە کۆبوونەوەکەدا بە وەزیرەکانى وتووە ڕەنگە گفتوگۆکان لەنێوان لیژنە هونەرییەکانى هەرێم و بەغدا کاتێکى زۆرتر بخایەنن، با بڕیارى ناردنى گوژمەى یەکەم کە بڕى ترلیۆنێک و 200 ملیۆن دینارە بدرێت تا ئەو کاتەى گفتوگۆکان دەگەنە ئەنجام، لەگەڵ ناردنى بڕى 200 ملیار دینارى مانگانە.


بەوتەى سەرچاوەکە، بڕیارەکە دەنگى پێویستى هێناوە لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران و دەخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.


تائێستا حکومەتى عێراق و وەزارەتى دارایی کە لایەنى پەیوەندیدارە بەفەرمى بڕیارەکەیان ڕانەگەیاندووە، بەڵام مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم جەختى لە بڕیارەکە کردەوە.


مەسرور بارزانی لە تویتەری خۆی نوسیویەتی، "ئەمڕۆ لەگەڵ مستەفا کازمی گفتوگۆمان دەربارەی پابەندبوونی هاوبەشمان بۆ ڕاستەڕێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد."

دەشڵێت، "خۆشحاڵم ڕایبگەیەنم كە گەیشتووینەتە ڕێکەوتنێك كه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هەرێمی کوردستان بگه‌ڕێندرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە حيساب دەکرێت بە (أثر رجعي)."

مەسرور بارزانی ئەو بڕیارەى بەغدا بە "وەرچەرخانێکی گرنگ" ناوبردووە و دەڵێت بە یەکەوە بە سەر بەربەستێکی سەختدا زاڵ بوون.


ئەو بڕیارەى بەغدا هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامى گفتوگۆکانى چاودێرى دارایی بەغدا و هەرێم بۆ وردبینیکردن لە داهاتە نانەوتییەکانى هەرێم، کە بەپێی یاساى بودجە پێویستە نیوەیان رادەستى بەغدا بکرێت، سەربارى داهاتى رۆژانەى 250 هەزار بەرمیل نەوت.