گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شاندى هەرێم ڕوونکردنەوە لەسەر بڕیارەکەى بەغدا بۆ ناردنى پارە دەدات

2021.06.15 - 22:19
App store icon Play store icon Play store icon
شاندى هەرێم ڕوونکردنەوە لەسەر بڕیارەکەى بەغدا بۆ ناردنى پارە دەدات

ناس کورد-

وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى دانوستان لەگەڵ بەغدا ڕایگەیاند، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بڕیارى ناردنى پشکى هەرێمى داوە و بەم نزیکانەش ڕاپۆرتى چاودێرى دارایی هەردووى لەبارەى داهاتى نانەوتییەوە ئامادە دەکرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

خالید شوانى کە هاوکات ئەندامى شاندى دانوستانکارى هەرێمە لەگەڵ بەغدا ئەمڕۆ سێشەممە (15ی حوزەیرانی 2021) لە ڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە ڕایگەیاند، پاش هەوڵ و گفتوگۆکانی تیمی دانوسانی حکومەتی هەرێم لەپێناو جێبەجێکردنی یاساى بودجە و هەنگاونانی عەمەلی حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی پابەندبونەکانى، ئەمڕۆ ئەنجومەنى وەزیران بڕیاریدا مانگانە بڕى 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت لە 1ی کانونی دووەمی 2021 هەژمار بکرێت.

 

هیواشى خواستووە "ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتەیەک بۆ چارەسەر کردنی کۆی کێشەکان و مایەى خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان."

 

خالید شوانى دەڵێت، "تیمی هاوبەشی چاودێری دارای فیدراڵی و هەرێم دەستیان بەووردبینی لە داهاتە نانەوتى فیدراڵییەکان کردووە و لە ماوەیەکی نزیکدا راپۆرتی هاوبەشیان ئامادە ئەبێت".

 

جەختیشی کردووەتەوە، هەرێم بەردەوام دەبێت لەسەر جێبەجێکردنی پابەندێکانی تری یاسای بودجە.

 

ئەمڕۆ ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا بڕى ترلیۆنێک و 200 ملیار دینار وەک پشکى شەش مانگى رابردووى هەرێم بنێرێت، لەگەڵ ناردنى 200 ملیار دینارى مانگانە.

 

بڕیارى ناردنى پشکى هەرێم لە بودجەى عێراق لەلایەن مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانەوە خراوەتە بەردەم ئەنجومەنى وەزیران و دەنگى پێویستى بەدەستهێناوە.



بەپێى ئەو زانیارییانەى "ناس کورد" لە سەرچاوەیەکى ئاگادارەوە لە بەغدا دەستیکەوتووە، لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیراندا کازمى بڕیارى ناردنى پشکى هەرێمى خستووەتەڕوو، داوایکردووە بە دەنگدان یەکلایی بکرێتەوە.



وتیشى، کازمى لە کۆبوونەوەکەدا بە وەزیرەکانى وتووە ڕەنگە گفتوگۆکان لەنێوان لیژنە هونەرییەکانى هەرێم و بەغدا کاتێکى زۆرتر بخایەنن، با بڕیارى ناردنى گوژمەى یەکەم کە بڕى ترلیۆنێک و 200 ملیۆن دینارە بدرێت تا ئەو کاتەى گفتوگۆکان دەگەنە ئەنجام، لەگەڵ ناردنى بڕى 200 ملیار دینارى مانگانە.



بەوتەى سەرچاوەکە، بڕیارەکە دەنگى پێویستى هێناوە لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران و دەخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.



تائێستا حکومەتى عێراق و وەزارەتى دارایی کە لایەنى پەیوەندیدارە بەفەرمى بڕیارەکەیان ڕانەگەیاندووە، بەڵام مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم جەختى لە بڕیارەکە کردەوە.



مەسرور بارزانی لە تویتەری خۆی نوسیویەتی، "ئەمڕۆ لەگەڵ مستەفا کازمی گفتوگۆمان دەربارەی پابەندبوونی هاوبەشمان بۆ ڕاستەڕێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد."

 


دەشڵێت، "خۆشحاڵم ڕایبگەیەنم كە گەیشتووینەتە ڕێکەوتنێك كه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هەرێمی کوردستان بگه‌ڕێندرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە حيساب دەکرێت بە (أثر رجعي)."

 


مەسرور بارزانی ئەو بڕیارەى بەغدا بە "وەرچەرخانێکی گرنگ" ناوبردووە و دەڵێت بە یەکەوە بە سەر بەربەستێکی سەختدا زاڵ بوون.



ئەو بڕیارەى بەغدا هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامى گفتوگۆکانى چاودێرى دارایی بەغدا و هەرێم بۆ وردبینیکردن لە داهاتە نانەوتییەکانى هەرێم، کە بەپێی یاساى بودجە پێویستە نیوەیان رادەستى بەغدا بکرێت، سەربارى داهاتى رۆژانەى 250 هەزار بەرمیل نەوت.



ڤیان سەبرى، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند، لە گفتوگۆکانى چاودێرى دارایی هەردووى بەرەوپێشچونى باش هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەى ناردنى پشکى هەرێم.