گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کورد یان سونە؟

راپۆرتێکى ئەمریکى کێبڕکێی پێشوەختە لەسەر پۆستى سەرۆک کۆمار ئاشکرادەکات

2021.06.15 - 18:41
App store icon Play store icon Play store icon
راپۆرتێکى ئەمریکى کێبڕکێی پێشوەختە لەسەر پۆستى سەرۆک کۆمار ئاشکرادەکات

ناس کورد-

یەکدەنگنەبوونى لایەنە کوردییەکان و مشتومڕیان لەسەر پۆستى سەرۆک کۆمار، دەرفەتى بۆ لایەنە سونییەکان ڕەخساندووە هەوڵى بەدەستهێنانى پۆستەکە بدەن، لەکاتێکدا یەکێتى جەخت لەسەر دەستبەردارنەبوونى لەو پۆستە دەکاتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راپۆرتێکى دەنگى ئەمریکا (15 حوزەیرانى 2021)، لەکاتێکدا هێشتا دیار نییە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق لە وادەی دیاریکراودا ئەنجام دەدرێت یاخود نا، لەئێستاوە مشتومڕ لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دروستبووە و پێکهاتە و لایەنەکان کێشمەکێشیانە لەسەر ئەو پۆستە.


ئاماژە بەوەشکراوە، عەرەبی سونە لە ئێستاوە چاوی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمارە و داوای دەکات، کوردیش کە تائێستا ئەو پۆستەی لابووە یەکدەنگ نییە، بەتایبەت یەکێتی بە پشکی خۆی دەزانێت و پارتیش دەیەوێت پۆستەکە بەکەسێک بدرێت جێی ڕەزامەندی خۆی بێت، چاوەڕوان دەکرێت شیعەکانیش قسەی جدیان لەسەر ئەو پۆستە هەبێت.


لاى خۆیەوە، ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی سوننە دەڵێت، چاویان لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک پەرلەمانە، بەڵام ژمارەیەک کەسایەتی پۆستی سەرۆک کۆمار بەگرنگتر دەزانن و تەماعی شەخسیان بۆ پۆستەکە هەیە.

 


بەوتەى حەدیدی، ئەو کەسایەتیە عەرەبانەی چاویان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمارە، بیانوویان ئەوەیە عێراق وڵاتێکی عەرەبیە و ناکرێت کوردێک سەرۆکی بێت."


بەپێی راپۆرتەکە، هەوڵى بەشێک لە سوننەکان بە ئاڕاستەى دەستخستنى پۆستى سەرۆک کۆمار هاوکاتە لەگەڵ یەکدەنگنەبوون و مشتومڕی نێوخۆیی کوردی لەسەر پۆستەکە، ئەوەش دەرفەتی زیاتری بۆ عەرەبی سونە ڕەخساندووە، تا بە ئاشکرا هەوڵی دەستبەرداربوون لە پۆستی سەرۆک پەرلەمان بدات و چاوی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار بێت.

 

زیاتر بخوێنەوە: بافڵ تاڵەبانی لەبارەى کاندیدکردنەوەى بەرهەم ساڵح بۆ پۆستەکەى خۆی یەکلایی کردەوە


شێرکۆ میروەیس، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە دەنگی ئەمەریکای وت، "هەڤاڵەکانی ئێمە لەگەڵ شیعە و سونەدا گفتووگۆیان کردووە، ئەو پەیامەیان پێگەیاندوون، کە پۆستی سەرۆک کۆمار هی کوردە و لەنێو کوردیشدا پشکی یەکێتی یە، بۆیە دەستبەرداری نابین."


هەرچەندە لەنێو کوردا مشتومڕ لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار لە ئارادایە و عەرەبی سونەش چاوی لەسەریەتی، بەڵام هاوپەیمانێتی دوای هەڵبژاردن چارەنوسی ئەم پۆستە یەکلایی دەکاتەوە، ئەمەش دەوەستێتەوە سەر ئەوەی کە پارتی و یەکێتی کامیان دەتوانن، پشتیوانی کوتلە بەهێزەکانی شیعە بەدەست بهێنن.


بورهان محەمەد فەرەج، چاودێری سیاسی پێیوایە ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتوو، چارەنوسی پۆستی سەرۆک کۆماری داهاتووی عێراق یەکلایی دەکاتەوە، بەتایبەت عەرەبی سونە چاوی لەسەر ئەو پۆستەیە و ململانێش لەسەری لەنێوان یەکێتی و پارتی دروستبووە، وتی"پۆستی سەرۆک کۆمار کە یەکێتی بەپشکی خۆی دەزانێت، هەرچەندە پۆستێکی تەشریفاتیە، بەڵام بۆ کورد گرنگە."


یەکێتی لە ئێستادا فشارەکانی زیاتر بۆ بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆک کۆمارە و دەیەوێت بۆ ئەو مەبەستە ڕەزامەندی لایەنە عێراقیەکان و بەتایبەت لایەنە شیعەکان بەدەست بهێنێت، کە ڕەنگە لە قۆناغی داهاتوودا، مشت و مڕەکان بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدی پۆستەکە کورت ببێتەوە، گەر لایەنە شیعەکان بە تەواوەتی قایل بوون.