گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

لێدوانى زانا دیارەکەى تاقیگەى وهان لەبارەى سەرچاوەى سەرهەڵدانى کۆرۆناوە 

2021.06.15 - 15:35
App store icon Play store icon Play store icon
لێدوانى زانا دیارەکەى تاقیگەى وهان لەبارەى سەرچاوەى سەرهەڵدانى کۆرۆناوە 

ناس کورد-

ژنە زانایەکی دیاری وڵاتی چین لەبواری ڤایرۆسەکان، ڕەتیکردەوە سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تاقیگەکەی شاری وهانی ئەو وڵاتە بێت و دەشڵێت، ئەوان لەساڵانی ڕابردوودا سەرقاڵی ئەوە بوون هۆکاری دڕندەیی ئەو ڤایرۆسانە بدۆزنەوە کە لەشەمشەمەکوێرەوە دەگوێزرێنەوە، نەک کار لەسەر زیاترکردنی دڕندەیی ڤایرۆسەکە بکەن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ماڵپەڕی "ئەلعەرەبییە" (15ی حوزەیرانی 2021) بڵاوی کردەوە، شی چینچلی، ژنە زانای وڵاتی چین لەبواری ڤایرۆسەکان و تاقیکردنەوە لەسەر شەمشەمەکوێرە کەناسراوە بە "ژنە شەمشەمەکوێرەکە" لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی" نیویۆرک تایمز"ی ئەمەریکی وتویەتی "دەنگۆی دزەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەتاقیگەی شاری وهان دوورە لەراستییەوە، من لەو تاقیگەیە ساڵانیکی زۆر کار دەکەم و بەهیچ شێوەیەک هەوڵی ئەوەم نەداوە شتێکی هەڵە بکەم، بۆیە لەهیچ جۆرە لێکۆڵینەوەیەک ناترسم".

 

ئاماژەی بەوەش کردووە "تاقیگەکەی هیچ جۆرە تاقیکردنەوەیەکی جۆری  GOFى نەکردووە بۆ زیادکردنی دڕندەیی ڤایرۆسەکان، تاقیکردنەوەکان تەنها بۆ زانینی ئەوە بووە چۆن ئەو ڤایرۆسانە دەبن بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، نەک ڤایرۆسەکان زیاتر کوشندە و دڕندەتر بکەین".

 

 چنیچلی، بەتوندی هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە گوایە پێش ماوەیەک لە سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چەند زانایەکی تاقیگەی وهان توشی نیشانەکانی ڤایرۆسەکە بوبێتن و داخڵی نەخۆشخانە کرابن و وتی "ناوی ئەو کەسانەم پێ بدەن کە دەڵێن براونەتە نەخۆشخانە بۆ ئەوەی لێکوڵینەوە لەبابەتەکە بکەم".

 

لەسەرەتای ئەمساڵدا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تیمێکی پسپۆڕی لە ژمارەیەک زانا پێکهێنا بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەبنەچەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سەرچاوەی سەرهەڵدانەکەی، تیمەکە بۆ ماوەی 12 ڕۆژ لە شاری وهان لێکوڵینەوەی کردووە و لە ئەنجامدا لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڤایرۆسەکە بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بەو تاقیگەیەوە نییە و لەوێشەوە سەری هەڵنەداوە".

 

 ئەوە لە کاتێکدایە کە لەسەر ڕاسپاردەی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە دەستی کرد بە لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە و لەئاکامدا تاقیگەی" لۆرنس لیفمۆر" لەڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە "گریمانەی دزەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەتاقیگەی وهان دروستە، بەڵام دەبێت لێکۆڵینەوەی چڕ و وردتر لەو بارەیەوە بکرێت".