گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

نەیارانی عەبدولمەهدی لە فراوانبووندان و حکومەتەکەی بۆ حەشد یەکلاییبووەتەوە

2019.06.17 - 17:50
نەیارانی عەبدولمەهدی لە فراوانبووندان و حکومەتەکەی بۆ حەشد یەکلاییبووەتەوە
ناس کورد- وەک ئەوەى لایەنە عێراقییەکان چاوەڕێی بیانوویەک بن بۆ دەربڕینی توڕەیی و گلەیی کەڵکەبوویان لەبارەى ئەدای حکومەتەکەى عادل عەبدولمەهدی، چەند کاتژمێرێک دوای ئاماژەکانى مەرجەعیەتی باڵا کە وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ ئەوانەى دەیانوت عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان "پشتگیریکار و بەشدار" بووە لە دیاریکردنی عەبدولمەهدی، لایەنە سیاسییە عێراقییەکان دەستیانکرد بە دوورکەوتنەوە لە حکومەتەکەی عەبدولمەهدی و لە ئێستادا تەنها پاڵپشت و پشتیوان بۆ بەردەوامبوونی کابینەکەى، باڵەکانی حەشدی شەعبییە. .

نەسر و سائیرون

. ڕۆژی پێنجشەممە، 13ی حوزەیرانی 2019، هاوپەیمانی نەسری حەیدەر عەبادی یەکەم لایەنی سیاسی بوو کە ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی ڕاگەیاند. دوای چەند کاتژمێرێکیش لە وتارەکەی مەرجەعیەتی باڵا، فراکسیۆنی سائیرونی موقتەدا سەدر لە پەرلەمانی عێراق گەیشتە حەنانە کە شوێنی حەوانەوەی موقتەدا سەدرە لە نەجەف، لەوێشەوە چەند لێدوانێکیان دا کە ئاماژەیە بەوەى حکومەتەکەی عەبدولمەهدی لە مەترسیدایە. .

ناڕەزایەتی سەدرییەکان چین؟

. ڕۆژی شەممەى ڕابردوو، حەسەن عاقولی، سەرۆکی فراکسیونی سائیرون لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ڕەوتی سەدر داواکاری لە حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی هەیە، لەوانە، فەراهەمکردنی هەلی کارە کە ئێستا ڕوون و ئاشکرایە لەو بوارەدا شکستی هێناوە، داواشی لە حکومەتەی کرد ڕاپۆرتێکی ورد پێشکەش بکات سەبارەت بەو کارانەی کە حکومەت لە ماوەی رابردوودا ئەنجامیداوە. جەختیکردەوە، فراکسیۆنی سائرون هەموو حکومەتێک ڕەتدەکاتەوە کە لەسەر بناغەی دابەشکاری دروستبکرێت، گەلی عێراقیش لەو دۆخەى کە ئێستا وڵاتی تێدایە زۆر نیگەرانە. . عاقولی داواشیکرد بە زووترین کات ئەو 40 دۆسیانەی کە پەیوەندیان بە گەندەڵییەوە هەیە پیشکەش بە دادگا بکرێن و گەندڵکاران لێپێچینەوەیان لە گەڵدا بکرێت. ڕاشیگەیاند، "دوای بانگهێشتیکردنی سەرۆک وەزیران و حکومەتەکەی بۆ پەرلەمان، سەرنج و تێبینی خۆمان دەبێت، لە ئێستاشدا موقتەدا سەدر، ڕابەری ڕەوتی سەدر، بەوردی چاودێری ئەو حکومەتە دەکات و ڕازی نییە لە ئەدای حکومەتەکە." هاوکات ڕائد فەهمی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سائیرون داوای کرد چاکسازی لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری بکرێت و کەسی شایستە لە پۆستانە دابنرێن. .

ڕەوتی حیکمەش ئۆپۆزسیونبوونی هەڵبژاردن

. هەرچەند تائێستا بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا ڕەوتی سەدر هەڵۆیستی خۆی بەرانبەر حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی ڕانەگەیاندووە، بەڵام ڕەوتی حیکمەی عەمار حەکیم لە ڕاگەیاندراوێکی کورتدا ئۆپۆزسیونی خۆیان ڕاگەیاند. ڕەوتی حیکمە ئەو دەنگۆیانەشی بەدرۆخستەوە کە دەوترا ڕەوتی حیکمە  دەیەوێت شوێنپێى خۆی لە حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی بەهێزبکات بە تایبەتی لە کاندیدکردنی عەبدولحسێن عەبتان، وەزیری پێشووی وەرزش و لاوان بۆ پۆستی ئەمینداری شاری بەغدا. .

ئەى هاوپەیمانی نیشتمانی عەلاوی؟

. ویڕای ئەوەی هاوپەیمانی نیشتمانی بە شێوەیەکی فەرمی ئۆپۆزسیونی خۆی ڕانەگەیاندووە، بەڵام بەردەوام ئەیاد عەلاوی سەرنج و ڕەخنەی خۆی ئاڕاستەی حکومەتەکە عەبدولمەهدی کردووە سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ  دۆسیە جیاوازەکان، ڕەخنەکانی عەلاوی زۆرجار ئاڕاستەی شێوزای دروستبوونی حکومەتەکە کراوە، بە تایبەتی ئەو هەڵا و هەرایانەی کە یاوەری ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان بوون و هەڵەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کە تائێستا پڕۆسەی گۆڕینی ئەو پەرلەمانتارانەی کە بە هەڵە هاتوونەتە پەرلەمان بەردەوامە و عەلاوی ڕەخنەی توندی گرتووە لە سەر شێوازی مامەڵەکردنی ئەو حکومەتە لەگەڵ پرسە هەرێمایەتییەکان و نێودەوڵەتییەکان. .

حکومەتی حەشدی شەعبی

. بە گوێرەی عورفی سیاسی لە عێراقی دوای سەدام حسێن، هێزە شیعیەکان سەنگی مەحەکن لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و پۆستی سەرۆکایەتی حکومەت لای ئەو پێکهاتەیە، بەڵام ئەوەی ڕوونبووەتەوە ئەوەیە کە زۆرینەی ئەو هێزانە دەستیان لە حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی هەڵگرتووە و چوونەتە بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە. لەئێستادا تەنها شادەمارە مابێتەوە بۆ بەردەوامبوونی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی باڵە سیاسیەکانی گروپە جیاجیاکانی حەشدی شەعبییە لەگەڵ هاوپەیمانی چەند کەسایەتییەکی سونە و حکومەتەکە بە تەواوی دەکەوێتە ژێر ڕکێفی گروپە چەکدارییەکانى حەشدی شەعبی نزیک لە ئێران.