ناس کورد-
لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لەشاری هەولێر، کەسێک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون، هاتوچۆی هەولێریش ڤیدیۆی ڕووداوەکەی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ڕووداوەکە بەهۆی پێچکردنەوەیەکی هەڵە ڕوویداوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕووداوەکە کاتژمێر 5:35 خولەکی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر شەقامی 40 مەتریی هەولێر ڕوویداوە و وەک لە گرتە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، کلایزەرێکی تایبەت لەشوێن پێچێک پێچدەکاتەوە و لەگەڵ پێچکردنەوەی دەکەوێتەسەر ڕێڕەوی ئوتومبێلێکی هیۆندای تۆکسن-ی تایبەت.
فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت، بەهۆی ڕووداوەکەوە شۆفێری هۆنداکە گیانی لەدەستداوە و دوو سەرنشینیش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕووداوەکە بەهۆی هەڵە پێچکردنەوەی کلایزەرەکەوە بووە، چونکە بێ ئەوەی سەیری شەقامی سەرەکی بکات و بزانێت ئۆتۆمبێل هەیە یاخود نا پێچی کردووەتەوە.
وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت، "بۆیە ئێمە ڕێنمایی شوفێرانی بەڕێز دەکەین کە هیچ کات چۆلی شەقام و درەنگانی شەو و بەرەبەیان بەهەڵ وەرنەگرن بۆ پابەندنەبوون بە یاساکانی هاتوچۆ، چونکە لە هەموو کات ئەگەر هەیە ئوتومبێل هەبێت، ئەگەر کەمیش بێت."