گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کێشەیەکى 30 ساڵ لەمەوبەر

ڕزگار لەکاتى هاتنەدەرەوەى لە پرسە بە چوار فیشەک کوژرا

2021.06.14 - 22:37
App store icon Play store icon Play store icon
ڕزگار لەکاتى هاتنەدەرەوەى لە پرسە بە چوار فیشەک کوژرا

ناس کورد-

ڕزگار قادر سەرقاڵى هاتنەدەرەوە بوو لە پرسەى خزمێکیان، بێئاگا لەوەى سێ ڕۆژى دیکە پرسە بۆ خۆى دادەنرێت، دواى ئەوەى کەسێکى نزیکى بەچوار فیشەک پێکاى و بەهۆى سەختى برینەکەیەوە گیانى لەدەستدا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

رزگار (48 ساڵ) کە جێگرى فەوج بوو لە لیواى سێى وەزارەتى پێشمەرگە ڕۆژى شەممە (11ى حوزەیرانى  2021) لە گەڕەکى حاجیاواى شارى سلێمانى درایە بەر دەستڕێژى گولە و بەسەختى برینداربوو، ئەمڕۆ دووشەممە دواى سێ رۆژ مانەوەى لە نەخۆشخانە گیانى لەدەستدا.

 

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژى پۆلیسى سلێمانى (14ى حوزەیرانى 2021) بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند، "ئەو ئەفسەرە بەناوى ڕزگار قادر حسێن بەهۆى کێشەیەکى کۆمەڵایەتیەوە کوژراوە، لەکاتى هاتنە دەرەوەى لە پرسەیەک".

 

ڕزگار خێزاندار بووە و چوار کچ و کوڕێکى هەیە، لەکاتى مانەوەى لە نەخۆشخانە 60 بتڵ خوێن کرایە جەستەیەوە بەمەبەستى رزگارکردنى لە مردن، بەڵام دواجار چاوەکانى لەیەک نا و بەیەکجاریی ماڵئاوایی کرد.

 

کەسێکى نزیکى رزگار بۆ "ناس کورد" باسى لەوەکرد، هۆکارى کوشتنەکە کۆمەڵایەتییە و مێژووى ئەو کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەى 30 ساڵ لەمەوبەر، لەکاتێکدا  بکوژ و کوژراو خزم و کەسى یەکترن.

 

وتیشى، سەرەڕاى ئەوەى نزیکە  60 بتڵ خوێن کرایە جەستەى ڕزگارەوە، بەڵام بە هۆى ئەوەى چوار فیشەک بەر جەستەى کەوتبوو سەرلەبەیانى ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەیەکى سلێمانى گیانى سپارد".

 

کەسوکارى ڕزگار تائێستا هیچ سکاڵایەکیان لەسەر ڕووداوەکە تۆمارنەکردووە و دیار نییە سکاڵا تۆماردەکەن یاخود نا.

 

وتەبێژى پۆلیسى سلێمانى وتى، "کەسوکارەکەى بەهۆى مەراسیمى پرسەوە تائێستا سکاڵایان تۆمار نەکردووە".