گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

قەندیل ’’گومانی هەیە’’

’’بەرپرسێکى گەورەى پەکەکە’’.. ئەو کەسانە کێ بوون کە توركيا لە قەڵادزێ بۆردومانی کردن؟

2021.06.14 - 21:42
App store icon Play store icon Play store icon
’’بەرپرسێکى گەورەى پەکەکە’’.. ئەو کەسانە کێ بوون کە توركيا لە قەڵادزێ بۆردومانی کردن؟

ناس کورد-

سێ سەرنشینە نەناسراوەکەى ئەو ئۆتۆمبێلەى بەهۆى هێرشى فڕۆکەکانى تورکیاوە کوژران، یەکێکیان بەرپرسى گومرگى پەکەکە بووە و دوانەکەى تریش پاسەوانى بوون، ئەوەش بەپێی ئەو زانیاریانەى لەچەند سەرچاوەیەکى ئاگادارەوە دەست "ناس کورد" کەوتووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئۆتۆمبێلەکە کە لەجۆرى پیکاب های لۆکس بووە و چوار سەرنشینى تێدابوو، پاش نیوەڕۆى دوێنێ یەکشەممە لەسنورى گوندى کانیلانەى ڕۆژهەڵاتی قەڵادزێ کەوتە بەر بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا و سەرجەم سەرنشینەکانى ناوى گیانیان لەدەستدا، بەڵام بەهۆى زۆرى رێژەى سوتاوییەوە تەنها ناسنامەى یەکێکیان ئاشکراکرا کە خەڵکى سنورەکە بوو.

 

بەپێى ئەو زانیاریانەى "ناس کورد" لەچەند سەرچاوەیەکى ئاگادارەوە دەستیکەوتووە، یەکێک لەو سەرنشینانە ناوى هەڤاڵ عەباسە کە بەڕێوەبەری گومرگی سەرشیو و قندۆڵی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بووە لە ڕۆژهەڵاتی قەزای پشدەر.

 

هەروەها دوانەکەی تریش خەڵکی شاری کەلار بوون و پاسەوانی بوون، هەرسێکیان میوانی ئەو هاوڵاتییەی قەڵادزێ بوون کە بەهەمان شێوە لە بۆردومانەکەدا کوژرا.

 

ئەو سێ کەسە دوای ئەوەی لە گوندی سەرشیو هاتونەتە قەڵادزێ و میوانی ئەو هاوڵاتییە بوو لە قەڵادزێ لە دوای نان خواردن ویستویانە بگەڕێنەوە سەرشیو و لە ڕێگا فڕۆکەی لێی داون و بەهۆیەوە سەرجەمیان کوژران.

 

بەوتەى سەرچاوەکان، ئەو گەنجەی قەڵادزێ کە لە بۆردومانەکەدا گیانى لەدەستداوە، ماوەیەک پێش ئێستا بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە لە سنوری سۆران لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە دەستگیر کراوە بەڵام بە هەوڵی ناسیاوێکیان ئازاد کراوە.

 

هەروەها ئەو گەنجە جارێکی تر دوای ئەوەی لە ترسی فڕۆکە قەندیلى جێهێشتووە دوای گەیشتنی بە ناحیەی ژاراوە بە پەلە ئۆتۆمبێلەکەی گۆڕیوە و کاتێل شەو بۆیان هێناوەتەوە دەرکەوتووە GPS بە ئۆتۆمبێلەکەوە خراوە.

 

بەکر وەیسی، بەڕێوەبەری ناحیەی هەڵشۆ بە ناس کوردی وت، "فڕۆکەیەکی جەنگی تورکیا لە سنوری ناحیەکەیان ئۆتۆمبێلێکی مەدەنییان کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە".



ئەو شوێنەی ئۆتۆمبێلەکەی لێکراوەتە ئامانج کێڵگەى پەلەوەرى و گاوداری و زەوی کشتوکاڵیە، بەوتەى بەکر وەیسى، یەکەمین جارە لە سنورەکە تورکیا ئەو شوێنە بۆردومان بکات.

 

هەر بە گوێرەی زانیاریەکانی ناس کورد کە لە سەر چاوەی نزیک لە ڕوداوەکە دەستی کەوتووە، لەبارەی ڕوداوەکە ئاسایشی قەندیل گومانی هەیە و ئەمڕۆ لەکاتی بەخاک سپاردنی گەنجەکە داوایان کردووە لە ئاسایشی قەڵادزێ سەرجەمی گرتەی ئەو کامێرا چاودێریانەیان پێبدرێتەوە کە لە سنورەکە و شوێنی ڕوداوەکە نزیک بوون و خۆیان لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بکەن، بەڵام ئەو داوکاریەیان ڕەتکراوەتەوە و بەهۆیەوە گرژی لە نێوانیان دروست بووە.